
سپای پاسداران ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕ لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی دوو ئەندامی خۆی لە کاتی پاککردنەوەی پاشماوەکانی شەڕ لە پارێزگای لوڕستان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سپای پاسداراندا هاتووە کە دوو ئەندامیان بە ناوەکانی عەلی بازیگەر و حوسێن مووسەوی، لە کاتێکدا کە خەریکی پاککردنەوە و کۆکردنەوەی پاشماوەکانی شەڕ بوونە، کوژراون.
لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بە چڕی بنکەکانی سپای پاسدارانیان لە هەموو ئێران کردە ئامانج.
بنکە مووشەکی و سەربازییەکانی سپای پاسداران لە لوڕستان لەم ماوەیەدا بە شێوەی بەربڵاو هێرش کرابوویە سەریان.
بەپێی زانیارییەکان لەم هێرشانەدا سەدان فەرماندە و ئەندامی ئەم ڕێکخراوە کە لەلایەن ئەمریکا و کاناداوە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی پێناسە کراوە، کوژراون.