
بەداخەوە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤، هاوڕێ محەممەد حسامی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا لە ناحیەی بەحركە سەر بە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
هاوڕێ محەممەد ساڵی ١٣٢٧ لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر لە شاری سنە لەدایك دەبێ. پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵانبردنی دەستكەوتەكانی شۆڕش لەلایەن ئاخوندە بیرتەسكەكانی جەمارانەوە و بێبەشکردنی گەلانی ئێران لە مافەكانیان، كاک محەممەد وەک هەر هاونیشتمانییەكی دیكەی كوردستان هەست بە ئازار و چەوسانەوەی گەلەكەی لەلایەن ڕێژیمەوە دەكا، هەربۆیە وەک تەشكیلاتی نهێنی لە ڕێكخستنە نهێنییەكانی حیزبدا چالاكییەكانی خۆی دەست پێ دەكات، بەداخەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی ڕێژیمەوە چەندین جار دەستگیر دەكرێ و ئازار و ئەشكەنجە دەدرێ هەر بۆیە ناچار دەبێ كوردستان بەجێ بهێڵێ و بەرەو پارێزگای سیستان و بەلووچستان كۆچی ناچاری بكا و لە شاری ئێرانشار بگیرسێتەوە.
كاک محەممەد هەر لەو شارە لەگەڵ خاتوو زارا ناروویی ژیانی هاوبەش پێك دێنێ كە بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان پێنج كوڕ و چوار كچ دەبێ.
هاوڕێ محەممەد پاش ماوەیەكی زۆر مانەوە لە ئێرانشار لە ساڵی ١٣٧٦ وەک پەنابەری سیاسی دێتە هەرێمی كوردستان و لە كۆمیتەی هەولێری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سازمان دەدرێ و وەک ئەندامێكی دڵسۆز و هەڵسووڕ درێژە بە كار و چالاكییەكانی دەدا و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركە حیزبییەكانی ڕادەپەڕێنێ.
شایانی باسە باوک و برایەكی كاک محەمەد واتا كاک عارف و كاک نەجمەدین پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات بوون.
بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا هاوڕێ محەممەد ئازادیی كوردستان و گەلە ئازارچێشتووەكەی بەچاوی خۆی ببینێ و لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ لە شاری هەولێر بۆ دواجار ماڵاوایی لە ژیان كرد و درێژەدانی ڕێگاكەی بۆ هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت.
ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموكراتی كوردستان ئێران وێڕای بەداخبوون بۆ كۆچی دوایی هاوڕێ محەممەد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی پێشكەشی بنەماڵە تێكۆشەرەكەیان بەتایبەتی و خەڵكی شاری سنەی قارەمان بەگشتی دەكا و خۆی بە شەریكی خەمیان دەزانێ.
ڕۆحی شاد و ڕێگا و ڕێبازی تا وەدیهاتنی ئاواتەكانی بەردەوام