کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدان، توندوتیژی و گەڕاندنەوەی زیاتر لە ٦٠٠ بەندکراوی سیاسی بۆ بەندیخانەەی ئێڤین پاش ٤٥ ڕۆژ

10:16 - 18 گەلاوێژ 2725

زیاتر لە ٦٠٠ بەندکراوی سیاسیی پیاو کە پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین بە توندوتیژییەوە بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگوێزرابوون، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان گەڕێندرانەوە بۆ بەندی ٧ی بەندیخانەی ئێڤین.

لە کاتی ڕاگواستنی ئەم بەندکراوانەدا، ئەوانەیان کە بە سێدارە مەحکووم کراون بە لێدان و توندوتیژی لە باقی بەندکراوان جیا کرابوونەوە و ڕەوانەی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج کرابوون.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کاتی گەڕانەوەدا، هەوڵیان دابوو بەندکراوانی مەەحکووم بە سێدارە جیا بکەنەوە، هەوڵێک کە ناڕەزایەتیی باقی بەندکراوانی لێ کەوتەوە و بەو هۆیەوە چەند بەندکراو لەوانە ئەبولفەزل قەدیانی، مستەفا تاجزادە، محەممەدباقر بەختیار، موتەلب ئەحمەدیان، مێهدی مەحموودیان و خەشایار سفیدی کە نەیاهێشتبوو دستبەند و پێبەندیان لێ بدرێ، کەوتنە بەر لێدان و توندوتیژی.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بابەک شەهبازی، پوویا قوبادی، وەحید بەنی عامریان، محەممەد تەقەوی، بابەک عەلیپوور و ئەکبەر دانشوەرکار، لەو بەندکراوە سیاسییانەی مەحکووم بە سێدارەن کە بە توندوتیژییەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحەسار ڕاگوێزرابوون.

کاناڵێکی تێلێگرامی لە ڕاپۆرتێکدا ژمارەی بەندکراوە ڕاگوێزراوەکانی زیاتر لە ٦٠٠ کەس ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی ئەم کارە لە کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانییەوە دەستی پێ کرد و هیچ ئاگادارییەک بە بنەماڵەکانیش نەدرابوو.

ڕاگواستنی بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە لە ماوەی ٤٥ ڕۆژی ڕابردوودا، جارێکی دیکە دۆخی نالەبار و نامرۆڤانەی ژیانی ئەم بەندکراوانە لەوانە نەبوونی بێهداشت، کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان و گوشاری دەروونیی دەرخستەوە.

بەپێی زانیارییەکان ژنە بەندکراوە سیاسییەکان کە بۆ بەندیخانەی قەرچەک ڕاگوێزرابوون، لە دۆخکی نالەباردا دەژین.

لە ڕەوتی سەرکوتی پاش هێرش بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین، بەندکراوانی ژن و پیاو ڕەوانەی بەندیخانەکانی قەرچەکی وەرامین، تارانی گەورە، قزڵحەساری کەرەج و ساحێلیی قوم کران.

هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەیان کەس لە دەسبەسەکراوانی ئەم دواییانە و ژمارەیەک لە بەندکراوانی پێشووی بەندە ئەمنییەتییەکانی ئێڤینیان بۆ خانووگەلێکی پارێزراو و گرتنگەی نهێنی لە تاران، کەرەج و قوم ڕاگواستووە و بەشێک لە تیپی دووهەمی بەندیخانەی تارانی گەورەش کراوەتە گرتنگەی ئەمنییەتی.