
کاک مستەفا هیجری بەبۆنەی دەرچوونی ٩٠٠ـەمین ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان" و ٥٠٠ـەمین ژمارەی ڕۆژنامەی "ئاگری"، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
دەرچوونی ۹۰۰ـەمین ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی ٥۰۰ـەمین ژمارەی ڕۆژنامەی ئاگری، وەک بڵاوکراوەیەکی سیاسی_فەرهەنگیی ئۆرگانی ڕاگەیاندنی ئەم حیزبە.
هەر دوو ڕۆژنامەکە، زمانحاڵی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی_ دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و مانەوە و گەشە و بەردەوامییان، ئاکامی تێکۆشان و لێزانین و هەوڵی ماندوویی نەناسانەی چەند نەسڵ لە تێکۆشەرانی دێموکرات و ئۆگرانی پرسی نەتەوەیی کوردستان لە شار و شاخە.
بەم بۆنەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەران و هاوکارانی ئەم دوو ڕۆژنامە، ماندوونەبوونی لە سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە بە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی خۆیان، لە دژوارترین ساتەوەختەکانی شۆڕشدا، چ لە هەندەران و دوورەوڵات و چ لە نێوخۆی وڵات، بەردەوامیی ئەم دوو ئۆرگانەیان لە ئەستۆ بووە و کاروباری نووسین، پێداچوونەوە و لایەنی تەکنیکییان گرتۆتە ئەستۆ.
ئەم بەردەوامبوونە، نیشاندەری گرینگیی کاری ڕاگەیاندن لەسەر بنەمای پرسی کوردستان و کوردە کە حیزبی دێموکرات بە بایەخەوە لێی دەڕوانێ و وەک نوێنگەیەک لە خەباتی خۆی لێی بەردەوامە.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤