کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی لانیکەم ١٧ چالاکی ژن لە مانگی جوولایدا

11:30 - 18 گەلاوێژ 2725

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا بۆ مانگی جوولای، باسی لە بەردەوامیی پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی مافی ژنان لە ئێراندا کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ١٧ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەر کراون کە ئەم ئامارە ١١.٥ لەسەدی هەموو ئاماری دەسبەسەرکرانەکان لەم مانگەدایە.

هەروەها لە مانگی زایینیی ڕابردوودا، لانیکەم ٦ چالاکی ژن سەرجەم بە ٧ ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوون.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە لە نێوان دەسبەسەرکراواندا، ٦ چالاکی ژنی کورد، ٢ بەهایی و ٢ هاووڵاتیی بیانی بووە.

هەر لەو ماوەیەدا، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ٥ مامۆستای ژنی خەڵكی کرمان و ژنێکی خەڵکی نەهاوەندی بە تۆمەتی جیاواز بە بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کردووە.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باس لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ ژن لە بندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد دەکات کە دوو کەسیان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر و یەک کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە سێدارە دراون.

بە پشتبەستن بەم ئامارە، لە ماوەی مانگی جوولای ٢٠٢٥دا، لانیکەم ١٤ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە زۆرینەی ڕەهایان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان واتە هاوسەرەکانیەوە کوژراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ٤ حاڵەتی ئەم کوشتنانە بە پاساوی نامووسی، ٥ حاڵەت بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی و ٣ حاڵەت بە هۆی ڕەتکردنەوەی داواکاریی هاوسەرگیری ڕوویان داوە.

پێویستە بوترێ کە گوشار بۆ سەر ژنان، بەتایبەت چالاکانی مەدەنی و سیاسی، پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لایەنی جیاوازی لەخۆ گرتووە و سەرکوت، دەسبەسەرکران، دادگاییکردنی نادادپەرورانە و توندوتیژیی بنەماڵەیی لە سێبەری ناکارامیی ڕێژیمدا، هەڕەشە لە گیان و ئازادیی ژنان دەکات.