
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل، وەردەکاریی چۆنیەتیی شەڕی ئەمجارەی لەلایەن ئیسرائیلەوە داڕشتراوەتەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، شەڕی ئەمجارە جیاوازتر دەبێت.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ڕێژیمی ئێران بە پڕچەککردنەوەی جبەخانەکانی و ئیسرائیل بە پەرەپێدان و بەهێزترکردنی سیستەمی دژەئاسمانیی خۆی، هەر دوو وڵاتی گەیاندووەتە ئاستی کێبڕکێیەکی دژوار کە چۆنیەتی و بەهای شەڕی دواتر دیاری دەکات.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، یەهووشووعا کالیسکی یەكێک لە ئەندامانی دامەزراوەی توێژینەوەی ئەمنییەتیی میللیی ئیسرائیل لەبارەی شەڕی داهاتووی نێوان وڵاتەکەی و ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "شەڕی داهاتوو لەگەڵ ئێران کورت و چڕتر دەبێت".
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەرچەند ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆتایی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا خۆیان بە براوەی شەڕەکە زانی و وەکوو پێویست نەیانتوانی ئامانجی سەرەکیی خۆیان لەمەڕ ڕاگرتنی تەواوی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بپێکن بەڵام دەسکەوتی گرینگی سەربازی و ئەمنییەتییان بەدەست هێنا.
"هائارتس" لەکارخستنی سیستەمی دژەئاسمانیی کۆماری ئیسلامی و بەدەستەوەگرتنی ئاسمانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیل، لەنێوبردنی بەرهەمهێنانی مووشەک و سەکۆ مووشەکییەکانی وەکوو دەسکەوتە گرینگەگانی شەڕی ١٢ ڕۆژە لە قەڵەم دا.
بەپێی هەڵسەنگاندنی دامەزراوەی توێژینەوەی ئەمنییەتی میللیی ئیسرائیل، بەرگریی ئاسمانی و دژکردەوە بە هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بەنیسبەت ڕێژیمی ئێران زۆر خێراتر و وردتر بوو و ئاستی زیانگەیاندن بە ژێرخانە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ئێران لە ئاستێکدایە کە ٥ هەتا ١٠ ساڵ کات پێویستە هەتا کۆماری ئیسلامی بتوانێت سیستەمی دژەئاسمانی و پێشکەوتووی خۆی نۆژەن بکاتەوە.
بەو پێیە کارناسێکی مووشەکی و پەهپادی ئیسرائیل وتوویەتی بە سەرنجدان بە هێرشی زیانباری ئیسرائیل بۆ سەر بنکە مووشەکییەکانی ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا زیاتر لە هەزار مووشەکی بالستیکی ماوە کە توانای بەئامانجگرتنی ئیسرائیلی هەیە و ئەوەش تەنیا توانای سەربازیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییە.