کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووساد بە کەڵکوەرگرتن لە ناڕازییەکان، ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی لەنێو ئێراندا ئەنجام داوە

12:59 - 18 گەلاوێژ 2725

ماڵپەڕی "پڕۆپابلیکا"، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژ ڕاپۆرتێکی شیکاریی بڵاو کردووەتەوە کە پەرژاوەتە سەر بەکارگرتنی هاووڵاتییانی ناڕازیی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئەنجامی ئۆپەراسیۆن لەنێو خاکی ئێراندا.
ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن دوو نووسەری ناسراو لە بواری بابەتە سیخوڕی و هەواڵگرییەکانەوە نووسراوە، باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل لە ڕێگەی بەکارگرتنی کەسانێک کە هۆکاری تاکەکەسی و سیاسییان هەبووە، پلانی هێرشکردنەسەر سیستمە بەرگری و ڕادارەکانی نێو ئێرانی ئەنجام داوە.
ئەم سیستمانە بۆ بەرگریکردن لە بنکە ناوکی و هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بۆ پاراستنی شاری تاران کەڵکیان لێ وەردەگیرا.
بەوتەی ئەم دوو نووسەرە کە ناوەکانیان "یووسی مێلمان" و "دەن ڕاڤیڤ"ـە، لە یەکەم کاتژمێرەکانی ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان و تەنیا چەند خولەکێک پێش ئەنجامی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، تیمێک بە بەرپرسایەتیی لاوێکی ئێرانی لە دەوروبەری تاران جێگیر دەبێت تاکوو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی تاران لەنێو ببات.
ڕاپۆرتەکە شی دەکاتەوە کە هاوکات نزیک بە ٧٠ کۆماندۆ لە چوارچێوەی چەند تیمی دیکەدا لە ناوچەکانی دیکەی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر تۆڕی بەرگریی ئێران تاکوو ڕێگە بۆ هاتنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ئەمن بکەن.
بەوتەی سەرچاوەکانی ئەم دوو نووسەرە، هاوکات لەگەڵ دەسپێکی بوردومانەکان، هێزە سایبێرییەکانی ئیسرائیل پەیامێکی ساختەیی بۆ فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی دەنێرن و دەیانکێشێننە نێو حەشارگەیەکەوە تاکوو کۆ ببنەوە و پاشان بە هێرشێکی ئاسمانی هەموویان دەکوژن کە ٢٠ کەس بوون.
ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا دەپەرژێتە سەر پاڵنەرەکانی ئەم کەسانە کە هاوکارییان لەگەڵ ئەرتەشی ئیسرائیل کردووە و زیادی دەکات: "تۆڵەسەندندەوە لە حکوومەتێکی سەرکوتکەر، پێویستیی بە پارە بۆ دابینکردنی تێچووەکانی نەخۆش لە بنەماڵە یان کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی خوێندن لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات، لە هۆکارەکانی ئەم کەسانە بووە".
لەم پێوەندییەدا سەبارەت بە کەسێک بە ناوی "س.ت" کە بەرپرسایەتیی تیمەکەی لە ئەستۆ بووە هاتووە کە لە بنەماڵەیەکی کرێکار گەورە بووە و پاشان کە لەلایەن هێزی "بەسیج"ـی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە دەکرێت، لە هەوڵی تۆڵەکردنەوەدا دەبێت.
بەوتەی نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە، "س.ت" کە ڕۆڵێکی سەرەکیی لەم ئۆپەراسیۆنەدا هەبووە، پاش فێرکارییەکانی لە بواری چەکوچۆڵدا، پێش لە دەسپێکی شەڕ بە شێوەی نهێنی دەگەڕێتەوە نێو ئێران.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە کەڵکوەرگرتنی مووساد لە ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دراوسێی ئێران کراوە کە توانیویانە چەکوچۆڵەکان بە سەرپۆشی "کەرەستەی هێندێک لە کۆمپانییەکان" ببەنە نێو خاکی ئێرانەوە.
سەرچاوەکان سەبارەت بە چۆنیەتیی کوشتنی زانا ناوکی و کەسایەتییە گرینگەکانی ڕێژیم بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بە نووسەرانی ڕاپۆرتەکەیان ڕاگەیاندووە کە مووساد زانیارگەلێکی وردی سەبارەت بە دۆسییەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لەبەر دەستدا بووە کە بریتی بووە لە شوێنی مانەوە و تەنانەت ژووری خەوی ئەم کەسانە.
لە کۆتاییشدا سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە هاتووە کە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕێگەی بنکەی مووساد لە تێلاڤیڤ و بۆ ماوەیەکی کورتیش لە ڕێگەی بەرپرسانی مەئموورانی مووساد لە نێوخۆی ئێران و وڵاتانی دراوسێوە بەڕێوە چووە.