کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی برای یەکێک لە شەهیدانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی''

17:56 - 18 گەلاوێژ 2725

یەزدان خەزایی، برای عرفان خەزایی، یەکێک لە شەهیدانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە پاییزی ١٤٠١، ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، پاش ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای ئینقلابی شەهریار دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەت و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو نییە. یەزدان خەزایی پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

هەروەها لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، ئێحسان خەزایی و نێدا کارگار، براکەی و هاوسەری براکەی، لە کەنگاوەر دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کران.  

عرفان خەزایی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی کەنگاوەر، لە ٣٠ خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە کاتی بزووتنەوەی سەرتاسەریی ژن، ژیان، ئازادی لە شەهریار بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کرا.