
ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژ، بەیاننامەیەک لەلایەن وانەبێژانی "حەوزەی عیلمییە"ـی قومەوە بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا هاتووە: "لەمەوبەدوا خوێن و ماڵی ترامپ حەڵاڵە".
زیاتر لە ٢ هەزار وانەبێژی حەوزەی علمییەی قوم بە واژۆکردنی ئەم بەیاننامەیە ڕایانگەیاندووە کە چیدیکە سەردەمی دانبەخۆداگرتن کۆتایی پێ هاتووە و خوازیاری ئەوە بوون کە تۆڵەی خوێنی قاسم سولێمانی، فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسداران، لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بکرێتەوە.
واژۆکەرانی بەیاننامەکە لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بە وتەکانی ئەم دواییانەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کردووە و نووسیویانە: "ئەم لێدوانانە بێوڵام نامێنێتەوە"، و جەختیشیان کردووەتەوە کە ترامپ دەبێت ئاگاداری ئەو بابەتە بێت کە موسوڵمانان لەهەمبەر هەڕەشەکردن لە خامنەیی بیدەنگ نابن.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە باس لە کوشتنی ترامپ لەلایەن بەرپرسان و کەسایتییە ناسراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێت.
پاش کوژرانی قاسم سولێمانی، فەرماندە باڵاکان و بەرپرسانی ڕێژیم و تەنانەت ڕێبەری ڕێژیمیش چەند جارێک باسیان لە تۆڵەی خوێنی فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران کردبوو.
هەر لە ماوەی ڕابردوودا و پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، مەکارم شیرازی و نووری هەمەدانی، دوو "مەرجەعی تەقلید"ـی شێعە مەزهەبەکان لە ئێران، حوکمی "موحارب"ـەیان بۆ ترامپ و نێتانیاهوو دەرکردبوو.
بەپێی یاساکانی سزای ئیسلامی، سزای کەسی موحارب ئێعدامە.
ئەم بەیاننامەیە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی پزشکییان پێداگرییان لەسەر ئەوە کردبوو کە کۆماری ئیسلامی هیچکات هەڕەشەی کوشتن و تێرۆرکردنی لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بەتایبەتی دۆناڵد ترامپ نەکردووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری درەوەی ڕێژیم، ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ لە وتووێژێک لەگەڵ "فاکس نیووز" وتبووی: "هیچکات سیاسەتی ئێمە ئەوە نەبووە کە کەسێک لە دەرەوەی ئێران بکوژین چ بگات بەوەی کە ئەو کەسە سەرۆککۆماری وڵاتێکی دیکەش بێت".
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە سەدان دژبەری خۆی لە دەرەوەی وڵات تێرۆر کردووە و تەنانەت لە دۆسییەی تێرۆری دوکتور سەعید شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دادگای میکۆنووسی ئاڵماندا، ڕۆڵی بەرپرسانی باڵای لە تێرۆریزمی دەوڵەتیدا ئاشکرا بوو.