
پارێزگای سنه له‌گه‌ڵ یه‌كێک له جیددترین کێشه‌کانی سیستمی ته‌ندروستی و ده‌رمانی به‌ره‌وڕوویه و که‌میی هێزی مرۆیی، تێکچوونی ژێرخانه ته‌ندروستییه‌کان و که‌میی ده‌رمان ته‌ندروستیی هه‌زاران که‌سی له‌و پارێزگایه خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه.
عه‌لی ئه‌کبه‌ر وه‌رمه‌قانی، جێگری سیاسی، ئه‌منییه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تیی پارێزگاری سنه له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا باسی له کێشه‌کانی که‌رتی ته‌ندروستی له شاری قوروه و دێولان کردووه و به ڕوونی که‌میی هێزی مرۆیی وه‌کوو سه‌ره‌کییترین کێشه و گرفته‌کانی ئه‌و که‌رته له‌قه‌ڵه‌م داوه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ڕێژیم هیوای خواستووه که ئه‌و بابه‌ته به زووترین کات چاره بکرێت که چه‌ندین ساڵه کادری ده‌رمانیی کوردستان له‌گه‌ڵ گوشاری تاقه‌تپڕووکێنی که‌میی هێزی مرۆیی، که‌ره‌سته و ئیمکانات به‌ره‌وڕوون.
له‌و کۆبوونه‌وه‌دا، حوسێن عه‌لی شه‌هریاری، سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ته‌ندروستی و ده‌رمانی مه‌جلیسی ڕێژیم به ئاماژه‌دان به‌و که‌موکۆڕییانه وتی: "لە دوو شاری قوروه و دێولاندا ده‌رمانخانه‌ی نه‌خۆشخانه‌کان که‌میی ده‌رمانیان هه‌یه و ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که به‌پێی ستاندارده‌کان، ئه‌و ناوه‌ندانه ده‌بێت لانیکه‌م ٣٩٠ جۆر ده‌رمان دابین بکه‌ن.
ناوبراو به ئاماژه‌دان به پێویستیی دابینکردنی کاره‌با بۆ کاتی پێویست له نه‌خۆشخانه‌ی سرێشاوا ئاماژه‌ی به‌وه داوه که ١٥٠ میلیارد تمه‌ن پاره پێویسته هه‌تا که‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ ناوه‌نده ده‌رمانییه‌کانی ئه‌و دوو شاره دابین بکرێت.
که‌میی هێزی مرۆیی و ده‌رمان، که‌ره‌سته و پرتووکاویی ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌کان، هه‌موویان ده‌رخه‌ری هه‌ڵاواردنی سیستماتیک و پێکهاته‌یین که چه‌ندین ساڵه ته‌ندروستیی خه‌ڵکی کوردستانی خستووتە پەراوێزەوە.