کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی سووریە داواکارییەکانی کورد لە ڕۆژاوا جێبەجێ ناکات

10:33 - 19 گەلاوێژ 2725

دەوڵەتی سووریە لە دانیشتنەکانی پاریس بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بە ڕێبەرایەتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات، بەشداری ناکات.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیای فەرمیی دەوڵەتی سووریە "سانا"، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری دەوڵەتی شەرعەوە، دەمێشق بەشداری لە دانیشتنەکانی پاریس بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژاوا ناکات.

ئەم سەرچاوەیە وتوویەتی: "دەوڵەتی دەمێشق ناچێتە نێو هیچ وتووێژێکەوە کە سەردەمی ڕێژیمی ڕابردوو ببووژێنێتەوە".

ئەم قسانەی ئەم بەرپرسەی دەوڵەتی ئەحمەد شەڕع، سەرۆککۆماری سووریە، سەبارەت بە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی گەلاوێژی هێزە کوردەکانی رۆژاوا بووە کە خوازیاری پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی سووریە بوون.

لە بەیاننامەی ئەم دانیشتنەدا هاتبوو: "یاسای بنەڕەتیی نوێ، وڵامدەری ڕێبازەکانی خەڵکی سووریە نییە و دەبێت پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت تاکوو گەرەنتیی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و هاوبەش لە سەردەمی ڕاگواستندا بکات".

ئەم سەرچاوە هێزەکانی سووریەی دێموکراتی بە خاوەندارێتی لە کەسایەتییە بە وتەی خۆی "جیاییخواز"ەکان تۆمەتبار کردووە و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم هێزە بەرپرسیاری هەموو ئاکامەکانی وەک گەڕانەوەی سزاکان و دەستێوەردانی دەرەکی لە سووریە دەزانێت.

پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و هاتنەسەرکاری حاکمییەتی نوێ لە سووریە، وتووێژەکان لە نێوان بەرپرسانی ڕۆژاوای کوردستان و دەوڵەتی سووریە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنیکی گشتگیر بە یارمەتیی ئەمریکا، بەردەوام بووە.

ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی سووریە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە مافەکانی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی سووریەی نوێدا دەستەبەر دەکرێت و هێزەکانی سووریەی دێموکراتیش لەگەڵ هێزە چەکدارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە تێکەڵ دەکرێتەوە، بەڵام دواتر دەوڵەتی سووریە لە داڕشتنی یاسای بنەرەتیی نوێ، مافە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد و کەمینەکانی دیکەی سووریەی لە بەرچاو نەگرت.

پێشتر شۆرای دێموکراتیکی سووریە، دەوڵەتی نوێ و یاسای بنەڕەتیی سووریەی بە بەرهەمهێنانەوەی "ئۆتۆریتە" بۆ جاریکی دیکە لە سووریە زانیبوو و جەختیشی کردبووە کە ئەم یاسایە چالاکییەکانی گرووپە سیاسییەکان، ژنان و کەمینەکان بەرتەسک دەکاتەوە و ڕێگەخۆشکەری دیکتاتۆرییەکی دیکە لە سووریەدا دەبێت.

جیا لە بابەتی یاسای بنەڕەتی، دەوڵەتی سووریە لە کابینە نوێیەکەیدا سەرەڕای ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریەی دێموکرات بۆ فرەچەشنبوونی دەوڵەت، تەنیا لە یەک وەزیری کورد کەڵکی وەرگرتبوو کە ئەویش نزیک بە حکوومەتی سووریە بوو تا هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوا.