کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی "زەین و دەسەڵات" چاپ و بڵاو کرایەوە

10:36 - 19 گەلاوێژ 2725

نوێترین بەرهەمی "بێهزاد قادری"، نووسەر و ڕۆژنامەوانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر ناوی "زەین و دەسەڵات؛ خوێندنەوەیەکی دەروونناسانە بۆ سیاسەت"، چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەم بەرهەمە، ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژ، لەلایەن وەشانخانەی "٤٩کتێب" لە سوید و بە ژمارەی "ISBN"ی نێودەوڵەتی، چاپ و بڵاو کراوەتەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە باشووری کوردستانیش بڵاو بکرێتەوە.

گرنگترینی ئەو بابەتانەی کە لەم کتێبەدا باسیان لێ کراوە بریتین لە دەروونناسیی "ناسیۆنالیزم، ناسنامەی نەتەوەیی، خەباتی سیاسی، دیکتاتۆری، داگیرکاری، داگیرکراوی و شۆڕش."

"بێهزاد قادری" لەبارەی گرنگیی ئەم بەرهەمە، ڕایگەیاندووە: "لە کاتێکدا نەتەوەی کورد هێشتا لە تێکۆشان و خەبات بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و مرۆیییەکانی خۆی بەردەوامە، ئاشنابوونی سیاسەتوانانی کورد بە دەروونناسیی سیاسی نەک هەر پێویستییەکی شیکارییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ سەرکردایەتییەکی وشیارانە، بەهێزکردنی هاوپشتیی نەتەوەیی و پێشخستنی ئامانجە ستراتێژییەکان."

شایانی باسە کە "بێهزاد قادری" کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و بەکالۆریۆسی لە دەروونناسی هەیە و لە بواری چیرۆک و وەرگێڕانەوە خاوەنی پێنج بەرهەمی دیکەیە.