
بەپێی ڕاپۆرتی ئەرتەشی ئیسرائیل بەهۆی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی "عەدلوون" لە پارێزگای "ئەلنۆبەتییە"ی لوبنان، محەممەد شوحادە فەرماندەی ئیتلاعاتی تیپی ڕەزوانی حیزبۆڵڵا کوژراوە.
ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ، ئەرتەشی ئیسرائیل کە بەیاننامەیەدا وێڕای باسکردن لە کوژرانی ئەو فەرماندەیەی حیزبۆڵڵا، ئاماژەی بەوە داوە کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی فڕۆکەی شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی ورددا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ماشینی ئەو فەرماندە باڵایەی حیزبۆڵڵا و لە ئاکامدا کوژرا.
بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیە، "شوحادە" لە ڕەوتی شەڕەکانی ئەم دواییانەی نێوان حیزبۆڵڵا و ئیسرائیل، بەرپرسی بردنەسەرەوەی ئامادەیی عەمەڵیاتیی هێزەکانی ڕەزوانی ئەو گرووپە بووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل لەو بەیاننامەدا ئاماژەی بەوە داوە کە هەوڵەکانی ئەو فەرماندە کوژراوەی حیزبۆڵڵا، پیشێلکاریی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی ئاگربەسی نێوان ئیسرائیل و حیزبۆڵڵا بووە.
شایانی باسە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، ڕۆژی هەینی دوابەدوای هێرشەکە، هەواڵی کوژرانی کەسێکی بەهۆی ئەو هێرشەوە پشتڕاست کردەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، هەواڵدەریی میللیی لوبنان، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە لەو هێرشەدا ئەرتەشی ئیسرائیل ماشینێکیان لە جۆری "ڕابید" لە ڕێگای نێوان شارەکانی سەیدا و سەور کردووەتەوە ئامانج، ئەو فەرماندەیەی حیزبۆڵڵایان لەنێو بردووە.
ئیسرائیل هەروەها هۆشداریی دا کە ئەگەر دەوڵەتی لوبنان گرووپی حیزبۆڵڵا چەک نەکات، پانتایی ئۆپەراسیۆنەکانی بەربڵاوتر دەکات.