کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسییەکانی ڕێڕەوی زەنگێزوور بۆ کۆماری ئیسلامی

11:42 - 19 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ، سەرۆکانی دوو وڵاتی ئەرمنستان و ئازەربایجان لە کۆشکی سپی، بڕیارێکی مێژووییان دا و لانیکەم بۆ ماوەیەکی نادیار کۆتاییان بە ململانێکانی چەند دەیەی ڕابردوو هێنا.

نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمەنستان و ئێلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بە نێوبژیوانی و بەشداریی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە دەتوانێت ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە ناوچەکەدا پێک بهێنێت.

ڕێڕەوی گواستنەوەی "زەنگێزوور"، کە لە پاش ڕێککەوتنەکەوە ناوی ڕێڕەوی "ترامپ بۆ ئاشتی و ئاسوودەیی نێونەتەوەیی"ـی لەسەر دانراوە، هەڵگری بابەتێکی قووڵتر لە پچڕانی سنوورەکانی نێوان ئێران و ئەرمەنستانە و جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە دەگۆڕێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای دەسپێکی وتووێژەکانی ئاشتی لەنیوان ئیرەوان و باکوو، لەهەمبەر ئەم دانوستانانە هەڵوێستی توندی گرتبوو.

بەرپرسانی تاران لە ڕۆژی ڕابردووەوە بەدژی ئەم ڕێککەوتنە کۆمەڵێک لێدوانیان داوە و تەنانەت هەڕەشەی هێرشی سەربازیشیان کردووە.

ئاڵوگۆڕ لە سنوورەکانی ڕۆژاوای باکووری ئێران، کرانەوەی دەستی ناتۆ، ڕێکخراوی گرێبەستی ئاتلانتیکی باکوور، بڕینی دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە قەوقازی باشوور و ئاڵۆزکردنی ڕێگەی گواستنەوەی کاڵاکانی ئێران و کاڵا دەرەکییەکان لەو ڕێڕەوەوە، تێبینی و هۆکارەکانی ناڕازیبوونی کۆماری ئیسلامی لە کرانەوەی ئەم ڕێڕەوەیە.

ئەم ڕێڕەوە تا پێش هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت ڕێگەی هاتوچۆی نێوان کۆماری خودموختاری نەخجەوان و کۆماری ئازەربایجان بوو کە پاش دەسپێکی شەڕی نێوان باکوو و ئیرەوان لە ١٩٩١ی زایینی لەلایەن ئەرمەنستانەوە داخرا.

کرانەوەی ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت پشکی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بە ڕادەیەکی بەرچاو لە داهاتی گواستنەوەی کاڵاکان بەرز بکاتەوە و بەپێچەوانە، قەبارەی گواستنەوەکان لەنێو خاکی ئێرانەوە کەمتر بکاتەوە، چونکە چیدیکە پێویست ناکات ئازەربایجان بۆ گواستنەوە، کاڵاکان لە خاکی ئێرانەوە هەناردەی تورکیە و وڵاتانی ئورووپایی بکات.

ئێران لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا بە گواستنەوەی ١٤ میلیۆن تۆن کاڵای دەرەکی، یەک میلیارد دۆلار داهاتی بووە.

توێژەرانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو بڕوایەن کە بە کرانەوەی ڕێڕەوی زەنگێزوور، ناتۆ دەگاتە پشتی سنوورەکانی ئێران و ئەمەش بە واتای ئاڵوگۆڕێکی جیۆپۆلەتیکیی قورس بۆ تاران دەبێت.