کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانایانی ناوکیی ڕێژیم لە ترسی ئیسرائیل بۆ حەشارگە و شوێنە ئەمنەکان ڕاگوێزراون

11:59 - 19 گەلاوێژ 2725

بڵاڤۆکی بریتانیایی "تیلێگراف" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە دوای کوژرانی دەیان زانای ناوکیی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ڕێژیمی تاران زانا ناوکییەکانی دیکەی بۆ شوێنی ئەمن و حەشارگەکان ڕاگواستووە.

"تیلێگراف" لەو ڕاپۆرتەدا لە زاری بەرپرسێکی پلەبەرزی ڕێژیمەوە بڵاوی کردەوە کە زۆربەی زانایانی ناوکیی ڕێژیم ناوێرن لە ماڵی خۆیاندا بمێننەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بۆ شوێنی دیکە وەکوو حەشارگەکانی تاران و ویلاکانی باکووری ئێران ڕاگوێزراون.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بە "تێلێگرافیـ"ـی وتووە کە ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانە ئەو زانا ناوکییانەش کە لە زانکۆکان وانە دەڵێنەوەی گرتووەتەوە و بە جێگەی ئەوان کەسانێکیان داناوە کە هیچ پێوەندییەکیان بە بەرنامەی ناوکییەوە نییە.

ئەو هەوڵە ئەمنییەتییانەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە ئەگەری هەڵگیرسانی دووبارەی شەڕ و هێرشی لەناکاوی دیکەی ئیسرائیل لەئارادایە.

 لەو پێوەندییەدا کارناسانی ئیسرائیلی بە "تێلێگرافــ"ـیان ڕاگەیاندووە کە هەرچەند زانایانی ناوکیی کۆماری ئیسلامی کە لە ئیستادا لە ناوەندە ئەمنەکاندا لەژێر چاوەدێریی ورد و پاراستنی چڕی ناوەندە ئەمنییەییەکاندان، بەڵام لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیلن.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆنێن سۆلۆمون، شرۆڤەکاری هەواڵگری و بەرگریی ئیسرائیل بەو بڵاڤۆکەی ڕاگەیاندووە: "ئەو زانا ناوکییەکانی ئێران لە ئێستادا هەوڵ دەدەن کە مووشەکی شەهابی ٣ بۆ هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی ئامادە بکەن".

کارناسانی ئەمنییەتیی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە کە زانستی فەننیی بەرنامەی ناوکیی تاران بە قووڵی لەنێو زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی ئێراندا ڕۆ چووە و  ئەوەش مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە.

بەرپرسانی سەربازی و ئەمنییەتیی ئیسرائیل هەڕەشەیان لەو زانا ناوکییانەی ڕێژیم کردووە و ڕایانگەیاندووە: "ئەوان لە ئیستاوە بە پیاوانی مردوو بە ئەژمار دێن".