کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی توندوتیژییەکان دژی کرێکاران؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سنووری بانە

16:47 - 19 گەلاوێژ 2725

لە درێژەی کەڵکوەرگرتنی سەرەڕۆیانە لە چەک دژی کۆڵبەران و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە بە تەقەی هەڕەمەکی و ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، "ڕەحیم ئەحمەدی" کۆڵبەری تەمەن ٣٧ ساڵی خەڵکی بانە، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سنووری ئەم شارە بریندار بوو.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئەم کۆڵبەرەیان بە بێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریدانی پێشوو کردووەتە ئامانج و تەقەیان لێ کردووە.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە ڕەحیم ئەحمەدی لەم ڕووداوەدا لاقی بەسەختی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی بانە کراوە.

پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، توندوتیژیی سیستماتیک دژی کۆڵبەران پەرەی سەندووە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان، تەنیا لە مانگی ڕابردووی زایینیدا شەش کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم کوژراون و شەش کەسی دیکەش بەسەختی بریندار کراون.