کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی هەواڵگری کانادا لەمەڕ پەرەسەندنی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە

16:49 - 19 گەلاوێژ 2725

دەزگای هەواڵگریی ئەمنییەتیی کانادا ڕایگەیاند کە تاران هەروا لە کەڵکوەرگرتن لە ئەندامانی باندە جینایتکارەکان بۆ بە ئامانجگرتنی ڕەخنەگرانی لە کانادا بەردەوامە و هۆشداریی دا لەوەیکە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی کۆمەڵگەی ئێرانی-کانادا و ڕەخنەگرانی ڕێژیم لە چەند مانگی داهاتوودا پەرە بستێنێت.

ڕۆژنامەی "گڵۆب ئەند مەیڵ"ی کانادا ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، لە زاری دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕێک لە جنایەتکاران و کەسانی مەترسیدار نەیارانی خۆی لە کانادا دەکاتە ئامانج.

ئەم هەڕەشانە بریتین لە کردەوەی تێرۆریستی، تێکدان و ئازاردانی چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێرانی کە هەڵوێستیان لە دژی کۆماری ئیسلامی گرتووە.

دەزگای هەواڵگریی ئەمنییەتیی کانادا زیادی کرد کە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانی کوشتن لە کانادا دەکات کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕێک خراوە. هەروەها هۆشداریی داوە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم جۆرە هەڕەشانە لە کانادا بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر ببنەوە.

بە وتەی بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی کانادا پێدەچێت هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کانادا و هاوپەیمانەکانی لە چەند مانگی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٥ دا بەردەوام بێت و بەپێی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێڕوانینی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەو پێشهاتانە، ئەگەری پەرەسەندنی لەئارادایە.

ئامریکا، کانادا و ١٢ وڵاتی ئورووپایی لە ٩ی گەلاویژ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، زیادبوونی هەڕەشەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد و ئەم هەڕەشانەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی نەتەوەیی خۆیان ناو برد.