
دەیوید لەمی وەزیری دەرەوەی بریتانیا دەڵێت، ئەو ئیدعایەی ڕێژیمی ئێران لەمەڕ پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ کاروباری زانکۆکان قەبووڵ ناکات.
دەیوید لەمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانیا ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژ وتی: ''ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا نەیانتوانیوە بۆم ڕوون بکەنەوە و زۆر جاریش قسەم لەگەڵ کردوون، بۆچی پێویستیان بە ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدی هەیە.''
ناوبراو بە ئاماژە بە وێستگە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی وتی: ''ئەگەر بڕۆمە وەزەخانەکانی سێلافیڵد یان یورێنکۆ لە شاری چێشێر، هیچ کامیان ئۆرانیۆمی زیاتر لە ٦ لەسەدیان نییە، ئێرانییەکان دەڵێن بۆ کاری زانکۆکانە، بەڵام من ئەوە قەبووڵ ناکەم.''
ئەم لێدوانە نوێیەی وەزیری دەرەوەی بریتانیا دوای ئەوە دێت کە حەفتەی ڕابردوو نوێنەرانی بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ شکاندنی بنبەستی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی کۆ بووەوە.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە وتەبێژی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی سپۆتنیکی ڕووسی وتی: ''ئەوەی ئێستا لە نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئورووپایی بەڕێوە دەچێت، "دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە سەبارەت بە پرسی ناوکی کە ڕووبەڕووی هەلومەرجی ئاڵۆز بووەتەوە.''
ئەم وتووێژ و لێدوانانە لەکاتێکدایە کە تاران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ڕاگرتووە.
بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان هەتا ٩ی خەرمانان مۆڵەتیان بە بەرپرسانی تاران داوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە غەیری ئەوەدا لە مێکانیزمی ماشە کەڵک وەردەگرن.