کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکرانی یەكێک لە بکەرانی تێرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە زانکۆیەکی ئەمریکا

10:25 - 20 گەلاوێژ 2725

زانکۆی پرینستۆنی ئەمریکا، حوسێن مووسەویان دیپلۆمات تێرۆریستی پێشووی کۆماری ئیسلامیی دەرکرد کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و گرینگی لە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیم لەوانەش دکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" و دوکتور "سادق شەرەفکەندی" بووە.

مووسەویان کە لە بواری ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، سیاسەتی ناوکی لە بەرنامەی زانست و ئەمنییەتیی جیهانی ئەم زنکۆیە وانەی وتووەتەوە، تاوانبارە بەوەی کە لە دەیەکانی ١٩٨٠ هەتا ١٩٩٠ لانیکەم لە تێرۆری زیاتر لە ٢٤ دژبەری کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا، لەوانەش تێرۆرکردنی دکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندیدا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.

ڕێکخراوی "یەکگرتوویی دژی لایەنگرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئەو هەوڵەی بە ئاکامی گوشارە سیاسی و یاساییەکان ناو بردووە و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە ئەو تۆمەتبارە ڕادەستی ئاڵمان بکات تاکوو لە دادگای بێرلیندا کە کۆماری ئیسلامیی بە بەرپرسی تێرۆری چوار دژبەری سیاسی لە ساڵی ١٩٩٢ ناساندووە، دادگایی بکرێت.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، تێرۆرەکانی ڕێستۆرانی میکۆنۆس و حوکمی مێژوویی دادگای بێرلین کە کۆماری ئیسلامیی وەکوو بکەر و بەرپرسی ئەو تێرۆرە لە ساڵی ١٩٩٢ ناساند، دەتوانێت و دەبێت بناغەی دادگاییکرانی مووسەویان بێت.

مووسەویان لە کاتی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین، باڵوێزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان بووە و کەرەستەی پێویستی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو عەمەڵیاتە تێرۆریستییە لە ڕێگەی باڵوێزخانەی ڕێژیمەوە دابین کردووە.

ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی لایەنگرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی دا کە بوونی کەسانێک وەکوو مووسەویان کە پێشینەی پشتیوانی لە فتوای کوشتنی سەلمان ڕۆشدی و تەبلیغی دژەیەهوودی و دژەئیسرائیلی هەیە، لە زانکۆ گەورەکانی ئەمریکادا، نموونەیەکی مەترسیدار و بێوێنەیە کە بۆ ڕەواییدان بە بەشێک لە بکەرانی تێرۆر ئاسانکاری دەکات.