کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کتێبە دەرسییەکان ٦٠ لەسەد گرانتر بووە

10:42 - 20 گەلاوێژ 2725

بەرزبوونەوەی ٦٠ لەسەدی نرخی کتێبە دەرسییەکان لە ساڵی نوێی خوێندندا جارێکی دیکە گوشاری زیاتری خستووەتە سەر ئەو بنەماڵانەی کە پێشتر بەهۆی هەڵاوسانی بەربڵاو و کەمبوونەوەی توانای کڕین بارگرانییان لەسەر بووە.

بەرپرسی ڕێکخراوی توێژینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، ئەمساڵ نرخی کتێبی خوێندنی قوتابییان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٦٠ لەسەد زیادی کردووە.

عەلی لەتیفی ئاماژەی بەوە کردووە کە ساڵی ڕابردوو لە حەفتەیەکدا سێ ڕۆژ لە چاپخانەکان ڕووبەڕووی پچڕانی کارەبا بوونەتەوە، ئەمەش پرۆسەی بەرهەمهێنانیان پەک خستووە.

بەڵام ئەم ڕوونکردنەوانە بارگرانیی سەرەکیی بەرپرسیارێتی لەسەر شانی داڕێژەرانی سیاسەتی ئابووری و پەروەردەیی لا نابات.

لە کاتێکدا پەروەردەی خۆرایی و یەکسان لە بنەماکانی یاسای بنەڕەتییە، بەڵام پشتگوێخستنی بەڕێوەبردنی وزە و خراپیی پلاندانان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، پەروەردەی کردووە بە بابەتێکی لووکس بۆ چینێکی کۆمەڵگە.

دەرئەنجامی ڕەوتێکی لەو شێوەیە، بێبەشکردنی قوتابییان لە دەستپێڕاگەیشتن بە ئامرازە پەروەردەییەکان و قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی لە سیستمی پەروەردەی وڵاتدا دەبێت.