
١٤ بەندکراوی سیاسی لە ئێران لە بەیاننامەیەکدا لەمەڕ ڕاگواستنی بەندکراوانی بەندیخانەی گەورەی تاران بۆ بەندیخانەی ئێڤێن باسیان لە بەکارهێنانی توندوتیژی و سووکایەتیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بەندکراوان کردووە.
بە وتەی واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ و لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ڕاگواستنی بەندکراوانی بەندیخانەی تارانی گەورە بۆ بەندیخانەی ئێڤین بڕیار درابوو کە بەندکراوان بەبێ دەستبەند و پێبەند بەڕێ بکرێن بەڵام هێزەکانی بەندیخانە لە نیوەی ڕێگادا بڕیار دەدەن کە بەندکراوان دەستبەندیان لێ بدرێ و ئەمە کاردانەوەی بەندکراوان و توندوتیژیی هێزەکانی گاردی تایبەتی بەندیخانەی لێ کەوتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەندکراوان باسیان لەوە کردووە کە ئەو توندوتیژییەی هێزەکانی بەندیخانەی ڕێژیم لە ئاستێکدا بووە کە بەندکراوانی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ سووکایەتی و لێدانی هاوبەندییەکان نەیانتوانیوە بێدەنگ بن و دروشمی ناڕەزایەتییان وتووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە هێزەکانی بەندیخانە لە ڕەوتی ڕاگواستن و جیاکردنەوەی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدامدا، ئەو بەندکراوانەیان ئەشکەنجە داوە و لە ڕێگەی ماشینێکی دیکەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
نووسەرانی ئەم بەیاننامەیە ڕاگەیەندراوی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمیان وەدرۆ خستەوە کە تێیدا ئاماژەی بە ڕاگواستنی بەندکراوان بە شێوەی "ئارام، ئاسایی و بێ کێشە" کردبوو، و ئەمەیان بە "درۆی ئاشکرا" ناو بردووە و ئەو هەوڵەی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمیان بە شاردنەوەی ڕاستییەکان لە قەڵەم داوە.
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ٤٠ بەندکراوی سیاسی بۆ ڕێگایەکی دوو کاتژمێری زیاتر لە ٦ کاتژمێر لەنێو ماشیندا ڕاگیراون و لەو ماوەیەشدا لە خواردنی نان و چوون بۆ کاری ئاودەست بێبەری کراون.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا نووسراوە کە ئامانج لە دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە "تۆمارکردنی مێژوو و مەحکوومکردنی توندوتیژی و لەقاودانی درۆی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە".