
دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکانی عەلی ئەکبەر ویلایتی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، سەبارەت بە دژایەتیی تاران لەگەڵ بڕیاری دەوڵەتی لوبنان بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا، شەپۆلێکی کاردانەوەی سیاسی و میدیایی لە لوبنان ڕووی دا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش ئەمەی بە "دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆ" وەسفی کرد.
ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی لوبنان ئەو کارەیان مەحکووم کرد کە بە “دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری لوبنان" ناویان برد. لەم چوارچێوەیەدا، شارل جەبور، یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی هێزەکانی لوبنان، بە ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە، ئەم هەڵوێستە نیشان دەدات کە حیزبوڵڵا خزمەت بە ئامانجەکانی تاران دەکات و داوای پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران کرد.
هاوکات بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای دەرکردنی باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانیان کردووە.
لە کۆتایی مانگی ئاپریلی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان موجتەبا ئەمانی باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی بانگ کرد بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا ڕوون بکاتەوە. بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، ئەمانی دوای بانگکردنەکە ڕایگەیاندووە، دۆسییەکە "بابەتێکی نێوخۆیی"یە بۆ لوبنان.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان بە توندی لێدوانە نوێیەکانی ویلایەتیی ڕەت کردەوە.
سێشەممەی ڕابردوو دەوڵەتی لوبنان ئەرتەشی ئەرکدار کرد کە پلانێک بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا تا کۆتایی ئەمساڵ دابڕێژێت، پلانێک کە دژایەتیی ئەو گرووپەی لێ کەوتووەتەوە.
کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایانگەیاندووە کە ئەوان پشتیوانی لە هەر بڕیارێک دەکەن کە حیزبوڵڵا بیدات.