
ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی "ئەنیس شەریف"، هەواڵنێری کاناڵی ئەلجەزیرەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەمیس ئەندامی حەماس بووە و لەژێر ناوی هەواڵنێردا چالاکیی تێرۆریستیی هەبووە.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ٤ هەواڵنێری کاناڵی ئەلجەزیرە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر خێوەتی ئەم هەواڵنێرانە لە نزیکی نەخۆشخانەی "شەفا"ـی غەززە، ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لە کۆمەڵێک بەڵگە کردووە کە دەیسەلمێنێت ئەنیس شەریف ئەندامی گرووپی چەکداریی حەماس بووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرش بۆ سەر ئەم خێوەتە کە هەواڵنێرانی ئەلجەزیرەی تێدا بووە نووسیویەتی: "ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر دەستی بە سەر کۆمەڵێک بەڵگە لەنێو غەززەدا گرتبوو کە نیشانی ئەدات شەریف ئەندامی باڵی سەربازیی حەماس بووە و کاناڵی ئەلجەزیرە لە هەوڵدایە کە ئەم ڕاستییە ڕەت بکاتەوە".
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، شەوی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژ، ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا خێوەتی هەواڵنێرانی ئەلجەزیرەی کردووەتە ئامانج کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو هەواڵنێر بە ناوەکانی "ئەنیس شەریف" و "محەممەد قەریقیع" و هەروەها ٢ وێنەگرەکەیان کە لەگەڵیاندا بووە.
پاش ئەم هێرشە کاناڵی ئەلجەزیرە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە ٦٧٥ـەمین ڕۆژی شەڕدا، ٤ کەس لە هەواڵنیرانی کوژراون و زیادیشی کردووە کە شەریف و قەریقیع هەواڵنێر بوون و بۆ ماوەی ٢٢ مانگ ئازارەکانی خەڵکی غەززە و ڕووداوەکانی شەڕیان بڵاو کردووەتەوە.