
بە وتەی بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی ڕێژیم لە کرماشان، تاڵاوی هەشیلان لە وشکبوونی یەکجاری نزیک بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیسنا"، محەممەدحوسێن فەلاحەتی لە وتووێژێکدا بەم سەرچاوەی سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندووە کە گەرمای زۆر بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی تاڵاوی هەشیلان.
فەلاحەتی بە لەقەڵەمدانی گەرما وەک هۆکاری وشکبوونی ئەم تاڵاوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی ئەو ئاوەی کە لە کانیی هەڵقوڵاوی "سەوزعەلی"، کە دێتە نێو تاڵاوەکەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا وشکی کردووە و بۆیە تاڵاوەکەش بەرەو وشکبوون دەڕوات.
ناوبراو پێشبینی کردووە کە تاڵاوەکە تەنیا بۆ ماوە ٢٠ ڕۆژی دیکە ئاوی تێدا ماوە و پێش هاتنی وەرزی پاییز وشک دەکات.
جیا لە تاڵاوی هەشیلان، ئەم بەرپرسەی ڕێژیم باسی لە ئەگەرەکانی وشکبوونی گۆلی "سەراو نیلووفەر"، یەکێکی دیکە لە سەرچاوە ئاوییەکانی کرماشانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ئیستادا تەنیا یەک لەسەر سێی پانتایی ئەم گۆلە ئاوی تێدا ماوە.
وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لەژێر سێبەری بەڕێوەبەریی سەقەت و ناکارامە لە سیستمی تەواو ڕانتی و هەروەها وێرانکردنی سروشتی کوردستان بەگشتی لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خۆیدا لەلایەن ڕێژیمەوە، تایبەت بە ئیستا نییە.
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، لەنێوبردنی سامان و سروشتی کوردستانی وەک چەکێک بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵکی کورد بەکار هێناوە و بەشیکی زۆر لەم سیاسەتەشی لە ڕێگەی جێگیرکردنی بەڕێوەبەرانی ناکارامە و خۆجێییەوە بردووەتە پێش.