
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بڕیارە شۆرایەک بە ناوی "شۆرای بەرگری"، بە ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی "شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی"ـی ڕێژیم، پێک بێت.
هەواڵدەریی فارس، سەر بە سپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، ئەم شۆرایە بەرپرسی دیاریکردنی سیاسەتە ستراتێژیکەکانی ڕێژیم بۆ بەرگریکردن لە هێرشە سەربازییەکان دەبێت.
فارس لە ڕاپۆرتەکەیدا زیادی کردووە کە عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕێژیم، لە ڕۆژانی داهاتوودا وەک نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم دیاری دەکرێت.
ئەم هەواڵدەرییە ڕاشیگەیاندووە کە عەلی ئەکبەر ئەحمەدییان، نویسکاری ئەم شۆرایە، بەرپرسایەتیی چەند دۆسییەیەک دەگرێتە ئەستۆ کە بە وتەی فارس "تایبەت و ستراتێژیکن" و پێویستیان بە بەڕێوەبەری لە ئاستی باڵا و بەربڵاودا هەیە.
عەلی لاریجانی ساڵی ١٣٨٤ تاکوو ٨٦ی هەتاوی، نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم و بەرپرسی وتووێژە ناوکییەکانی ئێران بووە.
لاریجانی پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە، سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ وێلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە، چاوپێکەوتنێکی هەبوو.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان سەبارەت بەم سەردانەی لاریجانی لە مۆسکۆ نووسیبوویان: "ئێران لەهەوڵدایە تاکوو کۆمەڵێک کەرەستەی سەربازی و بەرگریکەری دژەهێرش لە ڕووسیە وەربگرێت کە لە ڕەوتی شەڕدا ئیسرائیل لەنێوی بردوون".
وێدەچێت لە ئێستادا ڕێژیم بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دزەکردنەکانی مووساد ئاڵوگۆڕ لە ناوەندە ئەمنییەتییە باڵاکانی خۆیدا پێک بهێنێت.
بە وتەی مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی شۆرای باڵای
ئەمنییەتی ڕێژیم، ئیسرائیل لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕدا کۆبوونەوەی ئەم شۆرای بە ئامادەبوونی سەرۆکانی هەر سێ دەسەڵاتی ڕێژیم و فەرماندە سەربازییە باڵاکان کردبووە ئامانج.
ماڵپەڕی نوورنیووز سەر بە شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو باسی لە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ئەم شۆرایەدا کردبوو.