کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٠٠ مۆمی داگیرساوی "کوردستان"!

01:21 - 21 گەلاوێژ 2725

عەلی بداغی

لە کاتێکدا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرەوپیلی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەچێ، "کوردستان"ی حیزبی دێموکراتیش (٩٠٠)مین مۆمی ئەم دەورەیەی خۆی داگیرساند. ڕۆژنامەی "کوردستان" کە یەکەم ژمارەی دوری یەکەمی لە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٢٤دا بڵاو کرایەوە، لە یەکەم کارە بەنرخەکانی حیزبی دێموکرات بوو و تەنیا دوو حەوتوو دواتر و بە پێکهاتنی "کۆماری کوردستان" کە ئەویش لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات و پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا، لە بڵاوکەرەوەی بیری ئەم حیزبە تێپەڕی و بوو بە زمانحاڵی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی سەروەریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش!

یەکێک لە خسڵەتە هەرە بەرچاوەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە ماوەی ٨٠ ساڵ تەمەنیدا، نەوەستان و بەردەوامیی لە دەرچوون و بڵاوبوونەوەی لەسەر دەستی نەوە دوای نەوە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و هیممەت و نەسرەوتنی کارگێڕانیەتی. "کوردستان" لە هەموو مێژووی ٨٠ ساڵەی تەمەنیدا کەم و زۆر تەنیا سێ-چوار ساڵ لە زێدی خۆی دەرچوە و لەو ماوەیەش جگە لە سەردەمی یەک‌ساڵەی کۆماری کوردستان نەبێ، تەنیا سێ_چوار مانگی یەکەمی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ بە ئازادی چاپ و بڵاو بۆتەوە؛ کەچی بۆ یەک ڕۆژیش لە ئەرک و بەپرسایەتییەکانی دوور نەکەوتوەتەوە و هەوڵی داوە هەموو کاتێک زمانحاڵی خەڵکی کوردستان و خەباتە ڕزگاریخوازانەکەی بێت.

بڵاوبوونەوەی "کوردستان" لە سایز و قەبارەی جیاواز و لە شوێنی لێك‌دوور و جۆراوجۆر، لە مەهاباد، تەورێز، قەڵادزێ، بەغدا، باکۆ، پڕاگ و پاریس ئاوێنەی دۆخێکن حیزبی دێموکرات و بەڕێوەبەرانی ئەو ڕۆژنامەیە پێیدا تێ‌پەڕیون. بەڵام "کوردستان" ئەگەر نیزیک بە تەواوی تەمەنی لە غەریبایەتیدا دەرچووە، ئەگەر بەردەوام هێلانەی لێ شێواوە و شوێنی و مەئوای لێ تێک‌دراوە، ئەگەر جار بەهۆی زەبروزەنگ و ئەستەم‌بوونی دۆخەوە بە مانگ یان بە ساڵ دواکەوتوە؛ بەڵام هەرکات و لەهەر کوێ دەرچووە ئاوێنەی باڵانوێنی ویست و داخوازەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. جگە لەوە "کوردستان" بە چەند تایبەتمەندییەکی دیکەش دەناسرێتەوە کە ئەم خسڵەتانە شوناسێکی مێژوویی تایبەتی پێ بەخشێوە کە سەربەخۆیی، ڕاستوێژی، پێشکەوتوویی و بوونی بە مینبەری هەمیشەیی دەربڕینی ویست و داخوازییەکانی کورد لە ئێران بەشێک لەوانن.

"کوردستان" لە هەموو ماوەی تەمەنیدا هەڵگری باوەڕ و ئایدیاکانی حیزبێکی شۆڕشگێڕ، خەباتکار و خاوەن شوناس بووە کە ئێستا ئیدی شوناسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشە. حیزبێک کە یەکەم ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کورد، واتە "کۆماری کوردستان"ی دامەزراندوە و لە دوای ڕووخانی کۆماریشەوە بە بەردەوامی بە دژی دوو ڕێژیمی سەرکوتکەری پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی کە بە سیاسەتی داگیرکەرانەیان هیچ بایەخێکیان بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکانی کورد دانەناوە خەباتی کردوە. "کوردستان" لە کاتی ‌داسەپانی سیاسەتی سانسۆڕی حکوومەتە ناوەندگەراکانی تاران و پیلانە نەرمەکانی ڕێژیمەکانی پەهلەوی و ولایەتی فەقیه بۆ دروست‌کردنی قەیرانی شوناس و تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەتەوەی باڵادەستدا، قەڵای خۆڕاگری پارێزگاری لە هۆوییەت و شوناس و زمانی کوردی بووە.

"کوردستان" لە هەشت دەیە بەردەوامیی خۆیدا کۆمەڵە ئەرکێکی نەگۆڕ و هەمیشەیی بۆ خۆی پێناسە کردووە کە بەشێکی بریتین لە: بانگەشە و بەدواداچوون بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس، بەرجەستەکردنی بایەخمەندیی شۆڕشگێڕی و خەباتکاری و،  هەروەها رێزگرتن لە مافی مرۆڤ وەك پڕنسیپێكی ئەخلاقی و ئینسانی و جیهانگیر. "کوردستان" لە هەر بارودۆخێکدا ئاوڕی لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە،  ژینگە و بەرگری لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان داوەتەوە بە بایەخەوە بۆ پرسی ژنی ڕوانیوە و بەگژ هەڵاواردن و فەرق و جیاوازیدانان چۆتەوە، جا ئەمە چ سەرچاوەکەی کولتوور و نەریتی کۆمەڵ بووبێ یان ڕوانگە و سیاسەتی حکوومەتی زاڵ بەسەر کوردستاندا.

ڕۆژنامەی "کوردستان" هەر بەهۆی تەمەندرێژی، بەردەوامی و ڕاستگۆییەکەی و هەروەها بەهۆی ئەوەی زۆرترین ڕووداوی سیاسی و زانیاریی مێژوویی ٨ دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە توێ‌توێی لاپەڕەکانیدا تۆمار کردوە و لە فەوتان و بیرچوونەوە ڕزگاری کردوون؛ لە ئیستادا پێگەیەکی تایبەتیی بە خۆی بەخشیوە کە هەمووان بتوانن وەک ئاوێنەی مێژوو و وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو پشتی پێ ببەستن. گرینتر و بەبایەختر لەو گۆشە نیگایە کە ئەگەرچی "کوردستان" بە ڕەسمی بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێوشوێنی خۆڕاگری، شێوازی خەبات و هەستی شۆڕشگێڕی بە بنەمای تێکۆشان بۆ ڕزگاریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی داناوە و هەموو خەبات و تێکۆشانەکەی بۆ گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی لەنێو زەین و دڵی تاک بە تاکی کورد بووە.

دامەزرێنەرانی "کوردستان" خولیا و ئامانجی گەلێک گەورەیان بۆ خۆیان و بۆ "کوردستان" دەستنیشان کردبوو. "کوردستان" دەبوا ببێتە مینبەری مافخوازیی نەتەوەیەک و ڕۆڵی سەرەکیی لە پێگەیاندن و بردنەسەرێی ژیری و وشیاریی ڕۆڵەکانی ئەم گەلەی هەبێ، کە بووی. دەبوا ببێتە قەڵای پارێزگاری لە زمان و شوناسی نەتەوەیەک کە نەیارانی لەمێژ بوو بۆ سڕینەوەی کولتوور و مێژووی شمشێریان لە ڕوو بەستبوو، کە بوو. "کوردستان"ـیان لەو پێناوەدا زۆریان چێشت، زۆریان گەرمێن و کوێستان کرد، لە پێتەختی زۆر وڵاتاندا شەکەت بوون و ئارەقیان ڕشت، لە زۆر ڕیز و مەتەرێزدا خوێنیان لەبەر ڕۆیشت و تەنانەت گیانیشیان دانا، بەڵام ئەو سەنگەرە چۆڵ نەکرا و ئەم ڕێبازە دەستی لێ هەڵنەگیرا و ئەم کاروانە بێ ڕێبوار نەمایەوە.

لە سەروتاری یەکەم ژمارەی "کوردستان" بە قەڵەمی سەید محەممەد حەمیدی، یەکەم سەرنووسەری "کوردستان"دا هاتوە: "ئێمه‌ كه‌ به‌ دڵمانا نه‌ده‌هات خاوه‌نی چاپخانه‌ و ئینتیشارات بین؛ ئه‌وا به‌ یارمه‌تیی خودا نامه‌ی "كوردستان" داندرا و هه‌وه‌ڵ ژماره‌ی بڵاو كراوه‌. ئه‌م نامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن حیزبی دێموكراتی كوردستانه‌وه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌. ده‌یه‌وێ قه‌ڵایه‌كی ئاسنین له‌ ئیتیحاد و برایه‌تی بێنێته‌ به‌رهه‌م كه‌ بناغه‌كه‌ی به‌ زانست و هونه‌ر و له‌شساغی داندرابێ و بتوانێ ده‌گه‌ڵ سێڵاوی دوبه‌ره‌كی و بێدینی و هه‌مو جۆره‌ ڕه‌وشتێك كه‌ بۆ سه‌ربه‌ستی زه‌ره‌ر بێت به‌ربه‌ره‌كانی بكا، هیوامان وایه‌ ئه‌م قه‌ڵایه‌ی كه‌ خه‌ریكین قایمی بكه‌ین؛ وه‌ها قایم و به‌هێز بێت كه‌ هیچ هێزێك نه‌توانێ به‌ربه‌ره‌كانی له‌ گه‌ڵا بكا." ئەم هیوایەی سەید محەممەد حەمیدی هەر زوو وەدی هات و ئەم قەڵایەی نەسڵی یەکەمی "کوردستان"ییەکان بەردی بناغەیان دانا، زۆری نەکێشا بوو بە قەڵای ناسنامەی نەتەوەیی. بوو بە تریبوون و مینبەری مافخوازیی نەتەوەیەک، بوو بە قەڵای پارێزگاری لە زمان، بوو بە چەکی پێشمەرگە، بوو بە سەنگەری وشیاریی نەتەوەیی، بوو بە ئامرازی دیپلۆماسیی حیزب و نەتەوەیەک. ئەم ئامانجانەی بناغەدانەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە یەکەم ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیەدا پێناسەیان کردوە، ئێستاش پێناسە و ڕەسالەتی "کوردستان"ی ئێستا پاش ٨٠ ساڵ و ئامانج و خولیای چوار نەوەی یەک لە دوای یەکی ئەو میللەتە بۆ سەربەستییە.

سڵاو لە "کوردستان" و "کوردستانیان"!

سڵاو لە دامەزرێنەران، سەرنووسەر و نووسەر و کارگێڕانی ٨ دەیەی ڕابردووی ئەم ڕۆژنامەیە!