کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێکۆنۆمیست: ڕێککەوتنی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی گرژییەکان کۆتایی پێ ناهێنێت

10:30 - 5 جۆزەردان 2726

بڵاڤۆکی "ئێکۆنۆمیست" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە تەنانەت لە ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، دۆخی ناڕوون و گرژییەکانی ناوچەکە لانیکەم بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت. 

ئەم ڕێککەوتنە، تەنیا کڕینی کات بۆ ئامادەکاریی دانوستانەکانی داهاتوویە و ئاگربەستی ئێستا بۆ ٦٠ ڕۆژ درێژ دەکاتەوە؛ بە جۆرێک کە گەرووی هۆرمۆز بکرێتەوە و لە بەرانبەردا هەندێک سزای سەر تاران سووک بکرێن.

سەرەڕای نێوبژیوانیی قەتەر و پێداگریی ترامپ، کۆسپە سەرەکییەکان هێشتا ماونەتەوە. تاران داوای ئازادکردنی دەستبەجێی میلیاردها دۆلارە بلۆکەکراوەکەی دەکات، بەڵام ئەمریکا ئەمە دەبەستێتەوە بە پێشکەوتنی دانوستانە ناوکییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو.

کۆماری ئیسلامی بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و پڕبوونی کۆگا نەوتییەکان پێویستی بەم ڕێککەوتنە هەیە، بەڵام پێی وایە ترامپ بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرە زیاتر پێویستی پێ هەیە.

 لە لایەکی دیکەوە، ترامپ لە نێوخۆی ئەمریکا و لەلایەن کۆماریخوازە توندئاژۆکانەوە بەهۆی شێوازی ڕێککەوتنەکە کە بە لاوازی دەزانن، لەژێر گوشارێکی قورسدایە.
کارناسان پێیان وایە بەهۆی ئەم ناکۆکییە قووڵانەوە، تەنانەت دوای ڕێککەوتنیش، تەمومژاویبوونی دۆخەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت.