کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری لە پەرەسەندنی قەیرانی ئاوی خواردنەوە لە چەند پارێزگایەکی ئێران

10:27 - 5 جۆزەردان 2726

لە درێژەی ناکارامەیی و گەندەڵیی سیستماتیکی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکاندا، ڕێکخراوی کەشناسیی ڕێژیم دانی بەوەدا نا کە چەندین گەورەشاری وەک تاران، کەرەج، مەشهەد و ئێسفەهان بەدەست تەنگژەی قورسی بێئاوییەوە دەناڵێنن و ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی کەمیی بەرچاوی ئاوی خواردنەوە ببنەوە.


 بەرپرسانی ڕێژیم لەبری دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانەکان، تەواوی بەرپرسیاریەتییەکەیان خستووەتە ئەستۆی خەڵک و داوای پاشەکەوتکردنی ئاویان لێ دەکەن.


ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدا دەدرێت کە بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی بارانبارینی بەهاری ئەمساڵ لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم و بەفیڕۆچوونی ئاو لە پڕۆژە بێسوودەکانی سپای پاسداران، ئەم بارانبارینە نەبووەتە هۆی چارەسەری قەیرانەکە.


 ئامارە فەرمییەکان نیشان دەدەن کە پارێزگاکانی تاران، قوم، سێمنان و مەرکەزی لەنێوان ١٧ تا ٣٨ لەسەد کەمی باران بارینیان هەیە و تاران لەم نێوانەدا ڕیکۆردی شکاندووە.


 کارناسانی ژینگە جەخت دەکەنەوە کە کارەساتی کەمئاوی لە ئێراندا، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بێباکی و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە ژیان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکە.