کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکاریی مافی بەهاییەکان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەردەوامە

10:57 - 21 گەلاوێژ 2725

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هێرانا" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵسوکەوتی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەنیسبەت بەهاییەکان کردووە و لەوبارەوە نووسیویەتی: ''بەدواداچوونەکان نیشانەی هەڵسوکەوتی بەردەوام و بەرنامە بۆ داڕێژراوی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمە و تایبەت بە کاتێکی زەمەنیی کورت نییە".

"هێرانا" ڕۆژی دووشەممە ٢٠ گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا کە بەپێی کۆکردنەوە، شرۆڤە و بەڵگەنامەی پێویست ئامادە کراوە نووسیویەتی: "لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩ـوە هەتا مانگی گەلاوێژی ١٤٠٤، لانیکەم ٢٨٤ هاووڵاتیی بەهایی دەسبەسەر کراون و ٢٧٠ کەسی دیکەش بانگی ناوەندە بەناو ئەمنییەتی و یاساییەکانی ڕێژیم کراون".

بەپێی ئەو ئامارەی "هێرانا"، مافی پێشێلکردنی بەهاییەکان تەنیا تایبەت بە دەسبەسەرکردن و بانگکردن نییە بەڵکوو ٤١٩ حاڵەتی پشکینی ماڵی هاووڵاتییانی بەهایی، ١٤٧ حاڵەتی دادگاییکردن، ١٢٧ حاڵەتی ڕێگری لە چوونەدەرەوە لە وڵات، ١٠٨ حاڵەتی جێبەجێکردنی سزای بەندکران، ١٠٦ حاڵەتی ڕێگری لە مافی خوێندن، ٥٧ حاڵەتی ڕێگری لە چالاکیی ئابووری، ٢٧ حاڵەتی داگیرکردنی ماڵ و مڵک، ١٩ حاڵەتی لێپرسینەوە، ٩ حاڵەتی لێدان و ئەشکەنجە، ٤ حاڵەتی ڕێگری لە ناشتنی تەرمی گیانلەدەستداوان، ٣ حاڵەتی شێواندنی گۆڕستانی ئەو هاووڵاتییانە و یەک حاڵەتی ڕادەستنەکردنی تەرمی هاووڵاتییەکی بەهایی تۆمار کراوە.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا، ٣٨٨ هاووڵاتیی بەهایی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە گشتی بە ١٧ هەزار و ٩٤٨ مانگ بەندکران حوکم دراون.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ٩١ هاووڵاتیی بەهایی بەندکراو بە ٥٠٣ میلیارد و ٥١٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراون، ١٠٣ کەسی دیکە لە مافی کۆمەڵایەتی بێبەش کراون و ٢٥ کەسی دیکەش ٦٠٠ مانگ سزای دوورخرانەوەیان بەسەردا سەپێندراوە.