
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانی خۆیدا هەڕەشە لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەکات و ڕایگەیاندووە کە دەبێت چاوەڕوانی مردن بێت.
یێسرائیل کاتس ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی لیستێک لە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کە بۆ تێرۆرکردن دیاری کراون، ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە خامنەیی کرد و لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "کاتێ لە حەشارگەکەت دێیتە دەرەوە سەرنجێکی ئاسمان بدە و باش گوێ لە دەنگەکان بگرە، بەشداربووانی زەماوندی خوێناوی لەو سەرەوە چاوەڕوانی تۆن".
مەبەستی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە "زەماوندی خوێناوی"، ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان و لە یەکەم ساتەکانی دەسپێکی شەڕی ١٢ ڕۆژە بوو کە دەیان فەرماندەی باڵای سپای پاسداران تێیدا کوژران.
ناوی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە دیمەنێکی سریاڵی "گەیم ئاف تڕۆنز" وەرگیراوە کە تێیدا سەرکردەکانی لایەنێک لەلایەن گرووپی بەرامبەرەوە لە ڕێوڕەسمێکی زەماوەنددا دەکوژرێن.
کاتس پێشتریش چەند جاری دیکە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کردبوو کە ئیسرائیل ئەگەر بیهەوێت دەتوانێت بیکوژێت.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بەشێک لە وانەبێژانی "حەوزەی عیلمیە"ـی ڕێژیم پێشتر سەبارەت بەم هەڕەشانە کاردانەوەیان بووە و هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر ئیسرائیل هەوڵی کوشتنی خامنەیی بدات، ناوچەکە بەتەواوەتی لە شەڕەوە تێدەگلێنن.