
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای هۆشداری سەبارەت بە مەترسییەکانی دووپاتبوونەوەی دیکتاتۆری لە ئێران ڕایگەیاندووە، ئەزموونی مێژوویی سەدەی ڕابردوو لە سەردەمی سەڵتەنەتی پەهلەوی تا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای هەبوونی جیاوازییە ڕواڵەتییەکان، لە ناو و هێماکاندا یەک نێوەڕۆک بوون کە ئەویش "ناوەندگەرایی تەواو، حاشا لە کەسایەتییە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی دیکە، سەرکوتی ئازادییەکان و بەتاڵانبردنی سامانی نەتەوە پەراوێزخراوەکان" بووە.
لەم بەیاننامەیەدا، سەردەمی سەڵتەنەتی پەهلەوی وەک نیزامێک پێناسە کراوە کە بە دروشمی "مۆدێڕنیزاسیۆن"، سیاسەتی یەک شوناس و یەک کولتووری بە قەدەغەکردنی زمانی دایکی، سەرکوتی چالاکییە سیاسییەکان، داخستنی کەشی مەدەنی، سانسۆری بەربڵاو، بەندکران و ئەشکەنجە و لەنیوبردنی ئاسەوارە کولتوورییەکانی کورد، بەلووچ، تورک، لوڕ، عەرەب، تورکمان و کاسپی، بردووەتە پێش.
هەروەها بەیاننامەکە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە درێژەدەری هەمان ڕێگە زانیوە و جەختی کردووەتەوە کە ئەم حکوومەتە بە پشتبەستن بە ئیدۆلۆژییەکی مەزهەبی، پێکهاتەی سەرکوتی سەردەمی پەهلەویی پاراستووە و بەهێزتریشی کردووە و هەروەها بە لەسێدارەدان، تێرۆری دژبەران، سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، وڵاتی بەرەوڕووی قەیرانگەلێکی قووڵ لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییەوە کردووەتەوە.
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە دۆخی هەنووکەیی ئێران ئاکامی ڕاستەوخۆی سەردەمی ئەم دوو دەسەڵاتەیە و ئاماژەی بە زۆربەی قەیرانە هەڵقوڵاوەکانی بەرهەمی حوکمڕانیی ئەم دوو دەسەڵاتە وەک قەیرانی بێ ئاوی، بێ کارەبایی، بێکاریی بەربڵاو، وێرانیی ژینگە و بەربڵاوبوونی ناڕەزایەتییە گشتییەکان کردووە.
بەیاننامەکە لە درێژەدا بە ڕەخنەی توند لە ڕەوتە سیاسییەکانی وەک "سەڵتەنەتخوازەکان" بە ڕێبەرایەتیی ڕەزا پەهلەوی و "ئیسڵاحتەڵەبەکان"ـی حکوومەت بە ڕێبەرایەتیی میرحوسێن مووسەوی، ڕایگەیاندووە کە ئەوان بە ڕوخسارێکی ساختەوە لەهەوڵدان هەمان سەرمەشقی ناوەندگەرایی و زوڵم دووپات بکەنەوە و هەروەها پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە هیچ یەک لەم دوو ڕەوتە ڕاستبێژانە ڕابردووی خۆیان لەبەرچاو نەگرتووە و لە کاتە هەستیارە مێژووییەکاندا لە سەرکوتی نەتەوەکان و بزووتنە ئازادیخوازەکان پشتیوانییان کردووە.
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە کۆتاییدا داهاتووی ئێرانی نە لە گەڕانەوەی "سەڵتەنەت" و نە لە بەردەوامبوونی زوڵمی حکوومەتێکی مەزهەبی زانیوە و دروستبوونی "کۆمارێکی فێدراڵی دێموکراتیک"ـی کە لە سەر بنەمای سێکۆلاریسم، هاوسانیی مافی نەتەوەکان، مافی دیاریکردنی چارەنووس، ئازادییە سیاسی و کولتوورییەکان دامەزرابێت، بە گونجاوترین پێکهاتە زانیوە و داوای لە هەموو نەتەوەکانی ئێران، ژنان، لاوان، مامۆستایان و کرێکاران کردووە تاکوو بە یەکگرتوویەکی سەرتاسەری، دیوارە کۆنەکانی زوڵم بڕوخێنن.