
چوار سەرچاوەی ئێستا و پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران لە مانگی جۆزەردان، دوای چەندین ساڵ لە پلاندانان، کاتێک هاتە بواری جێبەجێکردنەوە کە چەند هۆکارێکی سەرەکی لەوانەش هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ وەک سەرکۆماری ئەمریکا، کۆتاییهاتنی وادەی ٦٠ ڕۆژە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان و هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هاوکات هاتنە ئاراوە.
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل کە بەهۆی نیگەرانی ئەمنییەوە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ بە ''یۆرۆنیووز''یان وت، مووساد پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە هەلومەرجی پێویستی ستراتێژی و سیاسیی تاوتوێ کردبوو.
ئەو هەلومەرجانە بریتی بوون لە پەرەسەندنی شەڕی نیابەتی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل و هەڵبژاردنی ترامپ وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا و ئەو کەشوهەوایەی کە لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا دروست ببوو.
بە وتەی ئەو سەرچاوانە ئامانج ئەوە بوو کە ئیسرائیل لە یەکەم ڕۆژەکانی شەڕدا کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر دۆخەکەدا هەبێت و کەمترین زیانی گیانیی لە نێوخۆدا هەبێت و باڵادەستیی تەواوی بەسەر ئاسمانی ئێراندا هەبێت.
سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسرائیل ساڵانێکە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، سێناریۆی هێرشکردنە سەر ڕێژیمی ئێران ئامادە دەکات.
سەرچاوەیەکی پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل بە ''یۆرۆنیووز''ی ڕاگەیاندووە، ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بایە، ئەگەری هەبوو ئیسرائیل هێرشی کردبایەتە سەر دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی ئێرانیش.
سەرچاوەیەکی دیکەی هەواڵگریی ئیسرائیل وتی: ''ئەو وڵاتە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئاسمانی ئێراندا دەپارێزێت بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێت توانا لەنێوچووەکانی خۆی بنیات بنێتەوە.''