کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاواری ٤٩ بەندیخانە دژی ماشینی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی

17:33 - 21 گەلاوێژ 2725

لە کاتێکدا کە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بەردەوامە، ٨١ـەمین حەفتەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بە مانگرتن لە خواردنی هاواهانگی بەندکراوان لە ٤٩ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا بەڕێوە چوو.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، لەم حەفتەیەدا لەکاتێکدا بەڕێوە چوو کە تەنیا لە ١٥ گەلاوێژەوە، ٢٠ بەندکراو لە سێدارە دراون و کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان لە سەرەتای ئەم مانگەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ١١٠ کەس.

ڕاگوێزرانی کتوپڕی وەحید بەنی عامریان، پوویا قوبادی، بابەک عەلیپوور، ئەکبەر دانشوەرکار، محەممەد تەقەوی، ٥ بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ قزڵحەسار، نیگەرانیی بەربڵاوی لێکەوتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئەو هەوڵەی وەکوو بەشێک لە ڕەوتی سەرکوتی بەرنامەبۆداڕێژراوی ڕێژیم لە قەڵەم دا و باسی لەوە کرد کە ئەشکەنجەی دژی بەندکراوان پەرەی سەندووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها ئاماژە بە لەسێدارەدانی حەسەن ئامووسی بە شێوەی نهێنی و ڕاگواستنی عامر پەرەکی بەلووچزێهی، دوو بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی ڕێژیم کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ١٠١ بەندکراوی بەلووچ  لەوانەش ژنێک و منداڵێک لە سێدارە دراون.

ئەو کەمپەینە هەروەها داوای لە بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە کردووە کە لە ساردنەوەی سزاکان و بێدەنگی بەرانبەر بە سزاکان خۆیان ببوێرن و لە رێگەی بەمیدیاییکردنی ئەم سزایانە، گوشاری ڕای گشتی دژی ڕێژیم زۆر بکەنەوە.

لە پەیامی ئەو کەمپەینەدا هاتووە کە "لە قزڵحەسار و ئێڤێنـەوە هەتا زاهێدان، ورمێ‌، سنە، شیراز و مەشهەد؛ ناتوانن هاواری دژبەران بە پەتی سێدارە بێدەنگ بکەن".

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە مانگرتن لە خواردن بە شێوەی هاواهەنگ، لە درێژەی دەیان حەفتە بەرخۆدانی مەدەنیی نێو بەندیخانەکان، هەوڵێک بۆ زیندووڕاگرتنی پرسی لەسێدارەدان لای ڕای گشتی و ڕێگری لە ئاساییکردنەوەی ئەو سزایە لە کۆمەڵگەدایە.