
سەعید مۆنتەزێرەلمەهدی، وتەبێژی پۆلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، ٢١ هەزار کەسی گۆماناوی دەسبەسەر کران.
هەروەها مۆنتەزێرەلمەهدی ئاماژەی بە زیادبوونی تاوانە سایبێرییەکان لەم ماوەیەدا کرد و وتی: "فەزای مەجازی ببوو بە بەرەیەکی گرینگ لەو شەڕەدا" و پۆلیسی فەتا لەوبارەوە بەدواداچوونی بۆ ٥ هەزار و ٧٠٠ دۆسییە کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە شەڕی ئیسرائیلدا پیلانی گردبوونەوە لە گۆڕەپانی فەلەستین پووچەڵ کراوەتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین، ١٢٧ زیندانی هەڵهاتوو دەسبەسەر کران و بۆمبی نەتەقینراو دۆزرانەوە و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی شەڕدا ٢٦١ گومانلێکراو بە سیخوڕی و ١٧٢ تۆمەتبار بە وێنەگرتنی بێ مۆڵەتیش دەسبەسەر کراون.
لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ڕووداوەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل وەک "نمایشکردنی دەسەڵاتی نێوخۆ" نیشان بدات، ئەو ئامارانەی کە لەلایەن وتەبێژی پۆلیسەوە پێشکەش کراوە، کەشی سەرکوتکەرانە و ئەمنیەتیی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکەن.
دەسبەسەرکردنی ٢١ هەزار "تۆمەتبار" لەماوەیەکی وا کورتدا، زیاتر لە هەموو شتێک بیرهێنانەوەی کەشی ترس و کۆنترۆڵکردن و هێرش بۆ سەر هاووڵاتییانە.
گرینگیدان بە پووچەڵکردنەوەی گردبوونەوە و بەدواداچوونی هەزاران کەیسی سایبێری ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئەولەویەتی ڕێژیم لە ناوەڕاستی شەڕێکی دەرەکیدا، پاراستنی خەڵک نەبووە، بەڵکوو ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ناڕەزایەتی و ڕادەربڕینێکی ئازاد بووە.