
کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم بە پشتیوانیکردن لە گەڵاڵەی سنووردارکردنی "فەزای مەجازی"، لە هەوڵدان تاکوو ئەم گەڵاڵەیە ببەنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
عەلیڕەزا سەلیمی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، لە پێوەندیی لەگەڵ جێبەجێکرانی گەڵاڵەی "بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیاریی چەواشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا"، وتی: "فەزای مەجازی لە ئێران وەک بەهەشتە و هەر کەس هەر کارێک بکات، بەرەوڕووی نابنەوە".
ئەم قسانەی سەلیمی لەکاتێکدایە کە تاکوو ئیستا ڕێژیم لە سانسۆرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستی باڵای هەبووە و جیا لە بەربەست سازکردن لەم بوارەدا، کۆمەڵێکی زۆر لە چالاکانی "فەزای مەجازی"ـی بەهۆی بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکگەلێک کە تەنیا دەنگی ناڕەزایەتیی تێدا بووە، دەسبەسەر کردووە و سزای قورسیشی بە سەریاندا سەپاندووە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ، هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی "سیروان پەرویزی" کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستگەلیکی بە نێوەڕۆکی ناڕەزایەتی لە دۆخی ئابووری و ژینگەیی بڵاو دەکردەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.
مەحموود مێهرابی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئئسفەهان و چالاک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١ تەنیا بەهۆی بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆک لە پشتیوانیی لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاشان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە تۆمەتی "افساد فیالارض"ـی خرایە پاڵ و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.
ئەم حوکمە دواتر لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پووچەڵ کرایەوە و لە ئاکامدا ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ بە ١٠ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ دوورخرانەوە لە زێدی خۆی و قەدەغەکردنی چالاکی لە "فەزای مەجازی"ـدا بۆ ماوەی ٢ ساڵ، سزا دراوە.
لە ئێستادا کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لەهەوڵدان تاکوو گەڵاڵەی سنووردارکردنی زیاتری تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن دەزگای دادوەری و وەزارەتی دادی ڕێژیمەوە بە دەوڵەت پێشنیار کراوە، ببەنە قۆناغی جێبەجێکردن لەلایەن دەوڵەتەوە.
چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هۆشدارییان داوە کە ڕێژیم لەهەوڵدایە تا لەم ڕێگەیەوە سەرکوت و سانسۆری خۆی بەربڵاوتر بکاتەوە تاکوو زیاتر لە ڕابردوو بەتایبەتی لە دۆخی پاش شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، خەڵکی ئێرانی پێ چاوترسێن بکات.