کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو ڕوو بە خەڵکی ئێران: کاتی خەبات بۆ ئازادی هاتووە

10:59 - 22 گەلاوێژ 2725

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی ڕوو بە خەڵکی ئێران، ئاماژەی بە قەیرانی کەم ئاوی لەو وڵاتە کرد و ڕایگەیاند کە ئێستا کاتی ''خەبات بۆ ئازادی''یە. جەختیشی لەوە کردەوە: “تینوێتی ئاو لە ئێراندا تەنیا لەگەڵ تینوێتی ئازادی بەرابەری دەکات.''

نتانیاهوو لەم پەیامەدا ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی مەسعوود پزیشکیان سەبارەت بە قەیرانەکانی ئاو، کارەبا، هەژاری و هەڵاوسان کرد و ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی "هەندێکجار نەخوازراو ڕاستییەکان دەڵێن ... هەموو شتێک بەرەو داڕمان دەڕوات".

ناوبراو بە خەڵکی ئێرانی وت: ''لەم هاوینە سووتێنەرەدا تەنانەت ئاوی پاک و فێنکتان بۆ منداڵەکانتان نییە. ئەمە ئەوپەڕی دووڕوویی و بێڕێزییەکی ئاشکرایە بە خەڵکی ئێران. ئێستا کاتی خەباتکردن بۆ ئازادییە، ئەگەر بتانهەوێت، ئێرانێکی ئازاد خەونێک نییە، ئێوە تەنیا نین من لەگەڵتانم".

نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بە پێشکەوتنی ئیسرائیل لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاودا زیادی کرد: ''هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە هەر کە ئێران ئازاد کرا، شارەزایانی باڵای ئاوی ئیسرائیل بە پێشکەوتووترین تێکنۆلۆژی و زانیارییەوە دێنە هەموو شارەکانی ئێران و ئێمەش بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوە و شیرینکردنی ئاو هاوکاریی ئێران دەدەین.''