کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو؛ کەمبوونەوەی لەسەدا ٤١ی پاشەکەوتی بەنداوی مەهاباد

16:50 - 11 گەلاوێژ 2725

لە کاتێکدا قەیرانی ئاو بووەتە یەکێک لە مەترسییە جیددییەکانی ژینگە و بژیوی ژیان لە کوردستان و ئێران، دوایین ئامارەکان ئاماژە بە کەمبوونەوەی نیگەرانکەری سەرچاوەکانی ئاو لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان وەک مەهاباد دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی شاری مەهاباد، قەبارەی کۆگاکانی بەنداوی مەهاباد بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی لەسەدا ٤١ کەمی کردووە و ئێستا تەنیا ٥٩ میلیۆن میتری سێجا ئاوی تێدایە.

ئەو کەمبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە قەبارەی پاشەکەوتی ئاوی بەنداوی مەهاباد لە ساڵی ڕابردوودا ١٠٠ ملیۆن میتری سێجای تێپەڕاندووە.

ڕەحمانی هاوشێوەی کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیم، بێ ئەوەی باس لە ناکارامەیی ڕێژیم لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا بکات و بەبێ دابینکردنی هیچ ڕێگەچارەیەکی زانستی و کردەیی، داوای لە خەڵک و جووتیاران کرد کە دەست پێوە بگرن و ئاوی کەمتر بەکار بهێنن، بەم شێوەیە خەڵک و جووتیارانی وەک هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئاو ناساند.

بە وتەی بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی شاری مەهاباد، ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا قۆناغی چوارەمی بەردانەوەی ئاو بۆ مەبەستی کشتوکاڵی ئەنجام درا، بەڵام ئەمساڵ تەنیا یەک جار و ئەویش ٢٣ ملیۆن میتری سێجا ئاو هەبووە، کە لە ٥ی گەلاوێژدا کۆتایی هات. ئەم کەمبوونەوە بەرچاوە نەک هەر بە مانای سنووردارکردنی لە کەرتی کشتوکاڵە، بەڵکوو دەتوانێت زەنگێکی مەترسیی جیددی بۆ کارکردنی سەدان خێزانی جووتیار بێت.

ئاوی شاری مەهاباد تەنیا نموونەیەک لە دۆخی کارەساتباری سەرچاوەکانی ئاوی کوردستانە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هەواڵەکان ئاماژەیان بە کەمبوونەوەی بێوێنەی قەبارەی ئاوی بەنداوی چەغەتوو بۆ یەک لەسەر سێ و هەروەها کەمبوونەوەی بەرچاوی قەبارەی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای کرماشان کردووە.