کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەند پارێزگایەکی ئێران فەرمانگە و بانکەکان داخراون

11:06 - 22 گەلاوێژ 2725

بەرپرسانی ڕێژیم جارێکی دیکە بەهۆی پچڕانی بەردەوامی کارەبا و نەبوونی ئاو، پەنایان بۆ داخستنی فەرمانگەکان و کەمکردنەوەی کاتی دەوام لە پارێزگا جۆراوجۆرەکان بردووە.

دوابەدوای بەردەوامیی شەپۆلی گەرما و پچڕانی بەردەوامی کارەبا و نەبوونی ئاو، ڕۆژی  چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ، لە چەندین پارێزگای ئێران، وەک پارێزگاکانی ئەلبورز، ئیلام، چوارمەحاڵ و بەختیاری، خوراسانی باشوور، خووزستان، سێمنان، قوم، سنە، کرماشان، گوڵستان، مازەندەران، مەرکەزی، هورموزگان و یەزد، پشوویان لە فەرمانگە و بانکەکان ڕاگەیاند. هەروەها بەشێک لە پارێزگاکان لەوانە سنە و سێمنان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ، ئاگادارییەکی کەمکردنەوەی کاتی کارکردنیان ڕاگەیاند.

ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ڕێژیم دەڵێن بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئەم بڕیارانەیان داوە، بەڵام شارەزایان ئەمەیان بە نیشانەی لاوازی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە و پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات ناو بردووە.

 جێگەی ئاماژەیە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا فەرمانگە، بانکەکان، شارەوانی و کۆمپانیاکانی بیمە بەهۆی کێشەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و نەبوونی ئاو و کارەبا لە پارێزگا جۆراوجۆرەکاندا داخراون.

بەهۆی سەرنجنەدانی ڕێژیم، شارەزاییان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، کێشەی ئاو و کەمبوونەوەی کارەبا و نەبوونی پلان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پلەکانی گەرما هۆشدارییان دا کە ئەمانە ئێرانیان بەرەووڕووی ئاستەنگ کردووەتەوە.