کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فایننشاڵ تایمز: سێ وڵاتی ئورووپایی ئامادەن مێکانیزمی ماشە چالاک بکەن

11:47 - 22 گەلاوێژ 2725

ڕۆژنامەی ''فایننشال تایمز'' بڵاوی کردەوە، فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی شۆاری ئەمنییەت و سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە، ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان، ئامادەن مێکانیزمی ماشە چالاک بکەن، ئەمەش هەنگاوێکە کە دەبێتە هۆی سەپاندنەوەی گەمارۆکانی شۆاری ئەمنییەت.

وەزیرانی دەرەوەی ئەم سێ وڵاتە ئوروپاییە کە بە "E3" ناسراون، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ لە نامەیەکدا هۆشدارییان بە نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران هەنگاو نەنێت، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گەمارۆکان دەگەڕێنەوە.

ئەوان جەختیشیان لەوە کردەوە بۆ ڕێگریکردن لەم کارە کە تا کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتیان بە تاران داوە.

ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز، کە کۆپییەکی نامەکەی دەست کەوتووە، تێیدا هاتووە: ''ئێمە بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت تا کۆتایی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥ بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماتیک یان لە دەرفەتی درێژکردنەوەکە کەڵک وەرنەگرێت، ئەوا E3 ئامادەیە مێکانیزمی سەپاندنەوەی ئۆتۆماتیکی گەمارۆکان چالاک بکات''.

نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا وڵامی ئەم نامەیەیان نەداوەتەوە.

بڕیارە گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٨ی ئۆکتۆبەر کۆتایین پێ بێت، مەگەر یەکێک لەو لایەنانە لەوانە بریتانیا، ئاڵمان، فەرانسە، ڕووسیە یان چین، کانیزمێکی ماشە بۆ گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکی گەمارۆکان چالاک بکات.

مانگی ڕابردوو سێ وڵاتی ئورووپایی، لە دانوستانێکدا لە تورکیە، پێشنیاریان دابوو ئەگەر تاران پێش لە مانگی سێپتامبر بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ڕازی بێت، مۆڵەتی کۆتایی تا مانگی ئاگۆست درێژ دەکرێتەوە.

دیپلۆماتکارێکی ڕۆژاوایی دانوستانەکانی بە "دژوار" وەسف کرد و سێ وڵاتی ئورووپایی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ ڕایانگەیاند کە پێشنیارەکەیان "بێوڵام ماوەتەوە".