کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەدنەزیف قادری: پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی ئەی ڕەقیب هێماکانی حیزبی دێموکرات بوون کە دواتر بوون بە هێماکانی گەلی کورد

12:10 - 22 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژ، بەبۆنەی ٨٠ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێک لەلایەن ناوەندی پەروەردەی حیزبەوە بۆ بەڕێز کاک محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە ئامادەبوونی ئەندامانی ڕێبەڕی، کادر، پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
کاک محەممەدنەزیف قادری لە سەرەتای قسەکانیدا پیرۆزبایی ئەم بۆنە مێژووییەی لە بنەماڵەی شەهیدان، کادر و پێشمەرگەکان، بەندکراوانی سیاسی و سەرجەم هەموو خەڵکی کوردستان کرد و وتی: "٨٠ ساڵ لەمەوبەر بەپێی لێکدانەوەیەکی سیاسی و پاش تێپەڕینی سێ ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵەی ژ-ک، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە ٨ ماددەی سیاسیدا دامەزرا".
بەڕێز قادری ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی هەر لە سەرەتاوە خەبات بۆ وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد، سەروەریی نەتەوەیی و خەبات بۆ دێموکراسی، ئازادی و دادپەروەری زانی و زیادیشی کرد، حیزبی دێموکرات بە ئیلهاموەرگرتن لە بەردەوامیی خەباتی گەلی گورد و بە جیهانبینییەکی نوێ بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەی کورد بخاتە سەر ڕێڕەوێکی ئامانجدار بە ئامانجگەلێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو دامەزرا.
ناوبراو لە نێوان قسەکانیدا سڵاوی نارد بۆ گیانی پاکی دوایین شەهیدانی گەل، ژینگەپارێزانی شاری سنە و هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی و حیزبی دێموکراتی بۆ جارێکی دیکە ئاراستەی بنەماڵەی ئەم شەهیدانە کرد.
بەرپرسی  ناوەندی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات لە درێژەی قسەکانیدا و بە ئاماژەدان بە دەستکەوتەکانی حیزب وەک دامەزراندنی کۆماری کوردستان، داهێنانی هێما نەتەوەییەکانی وەک "پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی ئەی ڕەقیب"، وتی: "هەموو ئەمانە هێمایەک بوون لە دەستکەوتەکانی حیزبی دێموکرات کە دواتر بوون بە ڕەمزێکی نەتەوەیی و ئیستا لە هەر چوار پارچەی کوردستان وەک پیرۆزییەکانی کورد چاویان لێ دەکرێت و بوون بە هەستی نەتەوەیی بۆ هەر تاکێکی کورد".

بەڕێز قادری لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە ڕایگەیاند، پاش دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم حیزبە بوو بە نموونەیەک بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەپێی دۆخی سیاسیی ئەو پارچانە و بە ئیلهاموەرگرتن لە ئامانجی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە "یەک گەل و یەک نیشتمان" بوو، حیزبی دێموکرات لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دامەزرێندران.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا و بە باسکردن لەسەر دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و کوردستان، سەرنج خستنە سەر هاوخەباتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرزنرخاندنی خەباتی ڕێکخراوە مەندەنییەکان لە نێوخۆ، هاوخەباتی لەگەڵ پێکهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوخەباتی لەگەڵ ئازادیخوازان و ئەنجومەنە سیاسییەکان لە نێوخۆی بە ئەرکەکانی ئێستای حیزبی دێموکرات زانی و هەروەها جەختیشی کردەوە کە لە ئاستی نێونەتەوەیشدا دەبێت حیزبی دێموکرات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کورد بۆ گەیشتن بە گوتارێکی نەتەوەیی یەکگرتوو هەوڵ بدات تاکوو بتوانن لە ناوەندە گرینگەکانی بڕیاردا، کاریگەریی بزووتنەوەی کورد لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەدا بسەلمێنن.