کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی سەرکوتی کەمینەکان و جیابیران لە شارە بچووکەکانی ئێران

17:12 - 22 گەلاوێژ 2725

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بە چوونەسەرەوەی بێوێنەی سەرکوت لە شارە بچووکەکان و ئەو ناوچانەی کرد کە کەمینەکانی تێدا نیشتەجێن و جەختی کردەوە کە جیابیران، چالاکانی مەدەنی، بنەماڵە مافویستەکان، پارێزەران و بەتایبەت کەمینە نەتەوەیی و ئایینییە ناڕازییەکان، هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و بێبەشبوون لە چارەسەری پزیشکییان لەسەرە.

ڕاپۆرتی تێروتەسەلی سی ئێچ ئاڕ ئای کە ماوەی زەمەنیی ٢٣ی جۆزەردان هەتا ١٩ی گەلاوێژ لەخۆ دەگرێت، نیشان دەدات کە لانیکەم ٥٨ کەس لە شارە بچوونەکاندا دەسبەسەر کراون.

هەروەها لانیکەم ٢٥ کەس دادگایی کراون و ٦ کەسی دیکە لەوانە سێ بەندکراوی کورد لە سێدارە دراون و ٨ کەسی دیکە کە چالاکی کورد و عەرەبن، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا  سەپاوە.

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداریی دا کە لە دوای هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئیران، ناوەندە یاسایی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەتایبەت وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا، کەمپەینی بەربڵاوی سەرکوتیان لە شارەکانی دەست پێ کردووە.

ئەو کەمپەینە چالاکانی مەدەنی، سیاسی و کولتووری، بنەماڵەی مافخوازەکان و پارێزەرانی سەربەخۆی کردووەتە ئامانج.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لە دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی بێ هۆکار، چڕبوونەوەی چاوەدێرییەکان بەسەر کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بێبەشکران لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، دەرکردنی سزای نادادپەروەرانە لە قامچییەوە هەتا سێدارە، هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ بەندکراوانی نەخۆش و جیانەکردنەوەی بەندکراوان بەپێی جۆری تۆمەتەکان کراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، دۆخی بەندیخانەکانی کوردستان و ناوچە عەرەبەکان، لە هەموو جێگاکانی دیکە کارەساتبارترە.

یەكێک لە نووسەرانی ئەو ڕاپۆرتە ئاوای نووسیوە: "لە شارەکاندا دوور لە چاوی جیهان، جیابیران بێ بەزەییانەی سەرکوت دەکرێن، خەڵکی ناوچە کەمینەکان، لەگەڵ سەرکوتی توندوتیژانە بەرەوڕوون و بەتەواوەتی بێپشتیوان ماونەتەوە، پشتگوێ خراون و پشتیوانییان لێ ناکرێت.

ئەو ناوەندە هۆشداریی دا کە بەردەوامیی ئەو دۆخە هەنووکەیییە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی سەر بە کەمینەکانن، دەرخەری پشتگوێخستنی تەواوی ستانداردە نێونەتەوەییەکانە و ئەوەش پێشێلکاریی ڕوونی مافی مرۆڤی هاووڵاتییانە لەلایەن ڕێژیمی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامییەوەیە.