
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجە و سزای سێدارە دژی ناڕازییانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ی مەحکووم کرد و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد دەستبەجێ ئەم پرۆسەیە ڕابگرێت.
ئەم بەیاننامەیە کە لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی "ئەمریکا بە زمانی فارسی" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاندووە: "ئەمریکا بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجەدان و سزای لەسێدارەدانەکان کە لەلایەن بەناو دادگاکانی ئێرانەوە لە دژی خۆپیشاندەرانی شۆڕشی ژینا دەرچووە، بە توندی مەحکوم دەکات.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لانیکەم ١١ کەس لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا ٩ خۆپیشاندەری بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە ناوەکانی: "کۆمار کەرەمی، ڕەزا ڕەسایی، مۆحسێن شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەممەد حوسێنی، ساڵح میرهاشمی، سەعید یەعقووبی، مەجید کازمی و محەممەد قوبادلوو"ی لە سێدارە داوە.
کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم لەسێدارەدانانەی بە "قەتڵی حکومەتی" ناو بردووە.
لەکاتێکدا کە سەدان کەس لە کاتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندا بەدەستی هێزەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە، ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا (١٠ی پووشپەڕ تا ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤) لانیکەم ١١٠ کەس لە دەسبەسەرکراوان لە ئێران لە سێدارە دراون و ٦٧ دەسبەسەرکراوی سیاسیش مەترسیی لە سێدارەدانیان لەسەرە.