
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، جێگری ناوەندی توێژینەوەی چۆنایەتیی کەشوهەوا و گۆڕانکارییە هەرێمییەکانی زانکۆی زانستی پزشکیی بەهەشتی وتوویەتی: "لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا پیسبوونی هەوا لە ئێراندا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس".
بە وتەی عەباس شاهسەوەنی، جێگری ناوەندی توێژینەوەی چۆنایەتیی کەشوهەوا و گۆڕانکارییە هەرێمییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکیی بەهەشتی، ئەو ئامارە بەنیسبەت ساڵانی ڕابردوو زۆر هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە و ئەوەش جێگای نیگەرانییە.
بەپێی ئەو ئامارە، لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٢، ٢٦ هەزار کەس زیاتر بەهۆی پاقژنەبوونی هەوا گیانیان لەدەست داوە.
ئەو قسانەی شاهسەوەنی دەرخەری شکستی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ جێبەجێکردنی "یاسای هەوای خاوێنـ"ـە.
ئاماری ساڵی ١٤٠٣ نیشانی دەدات کە لە ٨٣ شاری ئێراندا کە ڕێژەی حەشیمەتیان زیاتر لە ٥٧ میلیۆن کەسە، ٣٥ هەزار و ٥٤٠ کەس بەهۆی پیسیی هەوا گیانیان لەدەست داوە.
لەو ئامارەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تێچووی ئابووریی ئەو گیانلەدەستداوانە بەپێی نرخی ناوەندی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێران، نزیک بە هەزار میلیارد تمەن مەزەندە کراوە.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، زابۆل، ئێرانشار و شاری ڕێگان لە پارێزگای کرمان پیسترین شارەکانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٣ بە ئەژمار دێن و شارەکانی سنە و شاهروود وەکوو خاوێنترین شارەکانی ئێران لە قەڵەم دراون.
لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە شێوەی نێونجی تەنیا ١٠ لەسەدی ڕۆژەکانی ساڵ شارەکانی ئێران هەوای خاوێنیان تێدا تۆمار کراوە.
بەپێی وتەی کارناسان، لە دوای مردن بەهۆی پەستانی خوێن، مردن بەهۆی پیسیی هەوا بە دووهەمین پلەی مردنەکان بە ئەژمار دێت کە ئەو ڕێژەیەش لە مردن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و كێشانی ماددە دووکەڵییەکان زیاترە.