
سەرەڕای ناڕەزایەتیی چالاکوانانی ژینگەیی و مەدەنی لە شاری سەقز، ڕێژیم حەفتەی ڕابردوو بەتاڵانبردنی زێڕی کانگای "قوڵقوڵە"ـی دەست پێ کرد.
ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، شیرکەتی گەشەدان بە کانگا زێڕەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک، دەسپێکی دەرهێنانی زێڕی کانگای قوڵقوڵەی شاری سەقزی ڕاگەیاند کە بۆ جارێکی دیکە بووە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن چالاکوانانی ئەم شارەوە.
لە بانەمەڕی ئەمساڵدا کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەیی شاری سەقز پووستێرێکیان بە مەبەستی ڕاگرتنی چالاکییەکانی کانگای زێڕی ئەو شارە بڵاو کردبووەوە و باسیان لە خەسارە ژینگەییەکانی دەرهێنانی زێڕی کانگای قوڵقوڵە کردبوو.
پووستێرەکە بە ئاماژەدان بە زیانەکانی وەها کانگایەک لەو جوگرافییایەدا باسی لەوە کردبوو کە بەرهەمی ئەو کانگایە بۆ خەڵکی سەقز و ناوچەکە تەنیا پیسکردنی ژینگە و کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت.
بەوتەی کارناسانی ژینگە، پاشماوە زیانبارەکانی ئەم کانگایە بە پیسکردنی ئاوی ڕووباری "جەغەتوو"ـی سەقز و خاک و خۆڵی ناوچەکە، تەندروستیی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە.
پێش لە بڵاوبوونەوەی ئەم پووستێرە، کەمپەینێک لەلایەن کۆمەڵێک لە کارناسان و پسپۆڕانی ژینگەیی لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و تەورێزەوە بۆ ڕاگرتنی بەپەلەی چالاکییەکانی ئەم کانگایە و هەروەها دوو کانگای زێڕی زەڕشۆران و ئاق دەرە، بەڕێوە چووبوو کە ١٥ هەزار جار واژۆ کرابوو.
کاریگەرییە زیانبارەکانی دەرهێنانی زێڕی کانگای قوڵقوڵە لەسەر ڕووباری جەغەتوو بە شێوەیەکە کە ئاوی ئەم ڕووبارە لە کۆتاییدا دەڕژێتە نێو گۆلی ورمێ و دەتوانێت ئەم پیسبوونە ژینگەییەی کانگای زێڕی سەقز تا ئەو پارێزگایە ڕاگوازێت و ناوچەیەکی بەرین بگرێتە خۆی.
جیا لە گۆلی ورمێ بەشێکی دیکە لە ئاوی ئەم ڕووبارە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی تەورێز، ڕەوانەی ئەو پارێزگایە کراوە کە دەتوانێت مەترسیی جیددی بۆ سەر تەندروستیی خەڵکی ئەو شارە ساز بکات.
جێی ئاماژەیە تێکەڵبوونی ئاو و خاکی ئەم ناوچانە لەگەڵ پاشماوەکانی ئەم کانگایە وەک کانزا قورسە ژەهراوییەکان، دەبێتە هۆی نەخۆشی و ئاڵۆزیی بۆماوەیی و شێرپەنجە لە نەوەکانی داهاتووی ئەم ناوچانەدا.
سەرەڕای هەموو ئەم مەترسییانە لەسەر تەندروستیی خەڵکی ئەم ناوچانە، داهات و قازانجی کانگای قوڵقوڵە و کانگا زێڕەکانی دیکەی شاری سەقز و هەروەها هەموو کانگاکانی دیکەی کوردستان بۆ خەڵکی ئەم ناوچانە نییە و داهاتەکەی تەنیا خەرجی سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێت و پیسبوونی ژینگە و نەخۆشییەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە بەجێ دەمێنێتەوە.