کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی حیزبدۆست لە سەردەشت

17:22 - 11 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، دایە خاتوون شێخەپوور بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە خاتوون ژنێکی حیزبدۆست و پێشمەرگەپەروەر و جێگای متمانەی کادرەکانی سەردەشت بوو و ماڵ و مووچەی جێگای حەوانەوەی کادرەکان بوو.

سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەی دامودەزگا سیخوڕی و ئیتلاعاتییەکان، دایە خاتوون هەر لەسەر باوەڕی خۆی بەردەوام بوو و پشت وپەنای پێشمەرگەکانی حیزب بوو.

دایە خاتوون بە ئازایەتی و لێزانی هەستی بە پیلانی مۆرە ئیتلاعاتییەکان دەکرد و لە ئاست درکاندنی شوێنی کادرەکان نهێنی پارێز بوو.

کوڕێکی دایە خاتوون بە ناوی حەسەن ئیسماعیلی ناسراو بە حەسەن قەلەڕەشی زیاتر لە ١٢ساڵ پێشمەرگەی حیزب بووە و ئێستاش لە وڵاتی دانیمارک وەک ئەندامی ئاشکرای حیزب خزمەت بە نیشتمانەکەی دەکات.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.