
جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ عەلی لاریجانی، نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، داوای کرد کە تاران دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی لوبناندا نەکات.
لە درێژەی سەردانەکەی عەلی لاریجانی بۆ عێراق و لوبنان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژ ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لەگەڵ جۆزێف عەون دانیشتنێکی هەبوو.
عەون لەم دانیشتنەدا ڕەخنەی لە لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کاروباری نێوخۆی لوبنان گرتووە و جەختیشی کردووەتەوە کە هیچ گرووپێک ڕێگەی پێ نادرێت لە لوبناندا چەک هەڵبگرێت.
ئەم قسانەی سەرۆککۆماری لوبنان لە ئاماژە بە لێدوانەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و چەند بەرپرسێکی دیکەی تاران لە پێوەندیی لەگەڵ چەکدانانی حیزبوڵڵا بوو.
عێراقچی ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو ١٥ی گەلاوێژ لە لێدوانیكدا و ڕوو لە حیزبوڵڵای لوبنان وتبووی: "چەک دامەنێن".
ئەمریکا و ئیسرائیل گوشارەکانیان بۆ سەر دەوڵەتی لوبنان و حیزبوڵڵا زیاد کردووە تاکوو پڕۆسەی چەکدانانی ئەم گرووپە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ بکرێت بە ئاکام بگات.
بەپێی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کە ساڵی ڕابردوو واژۆ کرا، حیزبوڵڵا دەبێت چەکەکانی خۆی ڕادەستی دەوڵەتی لوبنان بکات، بەڵام لە ئیستادا بەرپرسانی ئەم گرووپە ڕایانگەیاندووە کە ئەم ڕێککەوتننامەیە تەنیا باس لە باشووری لوبنان دەکات و بۆ ناوچەکانی دیکە نییە.
عەلی لاریجانی لەم سەردانەدا و لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە چەکدانانی حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە خەڵکی لوبنان دەبێت لەم پێوەندییدا بڕیار بدەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانەی لاریجانی، سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی لوبنان باسیان لەوە کردووە کە لاریجانی پەیامێکی گرینگی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ حیزبوڵڵا پێ بووە.
ئەم سەرچاوانە زیادیان کردووە کە سەردانەکەی لاریجانی بە ئامانجی وەرگرتنی "کارتی حیزبوڵڵا" بووە تاکوو لە وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا بەکاری بهێنێت.
نوێنەری عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، پێش لە سەردانەکەی بۆ لوبنان، لە بەغداد چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی هەبوو.
بەوتەی هێندێک لە سەرچاوەکان ئامانجی ئەم سەردانە هاندانی لایەنە شێعەکانی عێراق بۆ بەدواداچوونی گەڵاڵەی "حەشدی شەعبی" لە پارلەمانی ئەم وڵاتە بووە.