
لە درێژەی دەسبەسەرکرانە بەربڵاوەکان لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ٩ هاووڵاتیی کوردیان بە تۆمەتی بێبنەمای سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کردوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، ئەحمەد گولستانی، محەممەد گوڵستانی، بێهزاد گوڵستانی، موحسن گوڵستانی، ئێحسان گوڵستانی، مێهران گوڵستانی، فەرزاد مستەفازادە، حومید مستەفازادە و شۆڕش مستەفازادە خەڵکی گوندی نەوجەوان لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران.
هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا ئەم هاووڵاتییانەیان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کردوون و دواتر بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە تارانیان ڕاگواستوون.
ئەم هاووڵاتییانە لەلایەن ناوەندە ئەەمنییەتی و ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی بێبنەمای "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" تۆمەتبار کراون.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەم ٩ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان بێ ئاکام ماوەتەوە.
پێویستە بوترێ کە تۆمەتی "هاوکاری یان سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" یەکێک لە توندترین تۆمەتە ئەمنییەتییەکان لە ڕێژیمی ئیسلامیدا بەئەژمار دێن و بە سەرنجدان بە پێشینەی پێشوو، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانە و دەرکردنی سزای قورس و سێدارە، هەڕەشە لەم هاووڵاتییانە دەکات.