
ڕۆژی چوارشەمە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی خاتوو پەروین هەمزەپوور، هاوسەری شەهید محەممەد عوسمانی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
پەروین خانم ژنێکی نیشتمانپەروەر و باوەڕمەند بە ڕێبازی هاوسەرە شەهیدەکەی بوو کە لە ڕەوتی ژیانیدا گەلێک ناڕاحەتی و چەرمەسەری دیت، بەڵام لە ڕێبازی دێموکرات نەکشایەوە.
پەروین خانم دوابەدوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەی، بۆ ماوەی ساڵێک وێڕای کۆرپە سێ ساڵانەکەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
ناوبراو ئەرکی پەروەردەی دوو یادگاری شەهید محەممەدی بەتەنیا لە ئەستۆ بوو و لەسەر ڕێبازی باوکی شەهیدیان پەروەردەی کردن.
شەهید محەممەد عوسمانی ناسراو بە محەممەد لیلانەیی، ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٧ لەکاتی ڕاگواستنی بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، پاش هەوڵی تیمێکی پارێزەرانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕزگارکردنی و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بەداخەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید کرا.
دوو برای شەهید محەممەد لە سەنگەری دێموکراتدا درێژە بە ڕێبازی برا شەهیدەکەیان دەدەن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.