کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: حیزبی دێموکرات بووەتە نوێنگەی ئیرادەی بیری نەتەوەیی

13:56 - 23 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، بەبۆنەی ٨٠ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێک لەلایەن ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆ بەڕێز کاک کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و جێگری پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە ئامادەبوونی ئەندامانی ڕێبەڕی، کادر، پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

کاک کەماڵ کەریمی لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای پێرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ، یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی بە پڕ لە شانازی و فیداکاری و خۆڕاگری ناو برد کە ئێستا بووەتە مایەی شانازیی نەتەوەی کورد.

کاک کەماڵ لە قسەکانیدا بە ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی باسی لە کارییگەرییەکانی حیزبی دێموکرات بەتایبەت چاندنی بیری نەتەوەیی کرد کە لە ئێستادا لە پانتایی کوردستاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی. حیزبی دێموکرات دوای ٨٠ ساڵ خەبات ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو قۆنا‌غەکانی پێشوو، بووەتە نوێنگەی ئیرادەی بیری نەتەوەیی  و بووەتە هۆکاریک بۆ یەکخستن و گەشەدانی ئەو بیرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ناوبراو وتی ئەوەیکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت هیچ گۆڕانگارییەک بەبێ لەبەرچاوگرتنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەبێ لەبەرچاوگرتنی حیزبی دێموکرات لەنێو هاوکیشەکانی لە ئێراندا سەرناکەوێت، لە ڕاستیدا ئیدعا نییە و واقەعیەتێکە کە هەموو لایەنەکان هەستیان پی کردووە.

بەڕێز کەریمی لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە قۆناغەکانی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی حیزبی دێموکرات کرد کە ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی شەهید بوون و ئەو حیزبە هەر درێژەی بە خەباتی خۆی داوە و لە ئێستادا خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە شێوەی مەدەنی چالاکی جۆراجۆر هاوتەریب لەگەڵ حیزب دژی کۆماری ئیسلامی دەڕۆنە پێش.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا پەرژایە سەر کۆماری ئیسلامی کە لە ئیستادا لەگەڵ دەیان قەیرانی قووڵ بەڕوڕوویە و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە ناوچەکەدا و هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بۆ سەر ناوەندە نیزامی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەو حاڵەتی مان و نەمان بردووە.

کەریمی وتی کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا دوو ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا و یان ڕەتکردنەوەی وتووێژی لەبەرە، ئەگەر مل بە وتووێژ نەدا ڕووبەڕووی هێرشی قورستر دەبێتەوە کە حوکمی نەمانی کۆماری ئیسلامی بەدواوە هەیە و لە ئەگەری وتووێژیش کۆماری ئیسلامی بەرەو نەمان دەڕوات.

ناوبراو وتیشی لە ئەگەری وتووێژی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، ئیتر کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە فکرییەتی پێشوو بڕواتە پێش و درێژە بە ژیانی خۆی بدات، چونکە لە نێوخۆی ئێراندا لەنێو پێکهاتەی دەسەڵاتدا چەند بەرەکی هەیە و ئەو ڕێژیمە لەگەڵ دەیان قەیرانی گەورە بەڕوڕوویە کە توانای چارەسەری و بەڕێوەبردنی وڵاتیان نەماوە. هەروەها ئەمریکا لە ئێستادا وەکوو پێشوو لەگەڵ ئێران ناجووڵێتەوە و زۆربەی جومگەکانی چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچە و جیهاندا بەستووە.

کاک کەماڵ کەریمی لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پرسی کورد وێڕای ئاوڕدانەوەی دۆخی ڕۆژا و باکووری کوردستان وتی کە بە گشتی پرسی کورد گەیشتووەتە قۆناغێک کە دەبێ هیوادار بین بە چارەسەری پرسی گشتیی کورد.

ناوبراو بە نیسبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی کە ئەوە باش دەزانین هەر ئاڵۆگۆڕێک لە ئێراندا بێتە پێش، کورد لە ڕۆژهەڵات دەتوانێ لە هاوکێشەکاندا فاکتەرەێکی گرینگ و دیاریکەر بێت و دەبێ کورد و بە تایبەتی حیزبی دێموکرات بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی نێو ئێران بن.

کاک کەماڵ کەریمی وتیشی کە حیزبێ دێموکرات وەک ڕەساڵەتی مێژوویی خۆی بە مافی خۆی دەزانێ خاوەندارەتیی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات بکات و لەو ڕاستایەدا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کورد و ئێرانی هاوکاری و هاوپێوەندی خۆی زیاتر پەرە پێ دەدات.