
بەپێی هەواڵ و گرتە ڤیدیۆیەک کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، قەیرانی بێ ئاوی لە شارۆچکەی "ساحێب"ـی سەر بە شاری سەقز، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.
بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئاوی ئەم شارۆچکەیە ماوەی چەند ڕۆژە وشکی کردووە و هیچ لایەنێکی پێوەندیدار وڵامی خەڵکی نەداوەتەوە و کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە و هاووڵاتییانیش بە ناچار، بە پڕکردنی دەبە ئاو دابین دەکەن.
بێ ئاوبوونی ساحێب لەکاتێکدایە کە ئەم شارۆچکەیە لە نزیک بەنداوی "لەگزی"ـدایە.
قەیرانی نەبوونی ئاو لە هەموو شارەکانی کوردستان و ئێران بەتایبەتی لە وەرزی گەرمادا بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەپێوەندی لەگەڵ "مودیریەتکردنی"، سەرچاوە ئاوییە سەر زەوی و بن زەوییەکان بەربڵاوتر بووەتەوە.
بەپێێ وێنە ماهوارەییەکان کە لە سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژ بڵاو کرایەوە، پاشەکەوتی ئاوی سێ بەنداوی گەورەی تاران و کەرەج واتا بەنداوەکانی "ئەمیرکەبیر، لار و لەتیان"، گەیشتوونەتە کەمترین ئاستی خۆیان لە مێژوودا.
کارناسانی بواری ئاو و ژینگە ساڵانێکە سەبارەت بە گەورە قەیرانەکانی ئاو و کەشوهەوا لە ئێران هۆشداریی ئەدەن و جەختیشیان کردووەتەوە کە ئەگەر چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە نەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو ئێران تووشی وشکەساڵی و قەیرانی نەبوونی ئاو دەبیتەوە.
ئەم قەیرانە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هۆشدارییەکان گرینگییان بە قەیرانە ژینگەییەکان، بەتایبەتی قەیرانی ئاو نەداوە.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە وتارێکدا لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی سەبارەت بە قەیرانی ئاو وتبووی: "ئەمڕۆ قەیرانەکانی ئاو، کەشوهەوا، وزە و گەرمبوونی گۆی زەوی وەک قەیرانە سەرەکییەکان دێنە ئەژمار لەکاتێکدا کە هیچ یەک لەمانە قەیرانی گەورە و سەرەکی نین".
بەوتەی خامنەیی، بابەتی "مەعنەوییات" و بابەتی "ژن" و پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا قەیرانی سەرەکی بوون.